کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاسبکارێکی کورد لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم بە شێویەکی نامرۆڤانە کەوتووەتە بەر لێدان

13:02 - 5 رێبەندان 2720

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان، کاسبکارێکی کورد لە سنووری ''ڕازی'' سەر بە شاری خۆی بەهۆی ئەوەیکە ٢٠ لیتر گازۆئیلی پێ بووە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کەوتووەتە بەر لێدان.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا نێردراوە، ٤ مەئمووری هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران لەپێش چاوی خەڵک هەڵیان کووتاوەتە سەر کاسبکارێکی کورد و بە توندترین شێوە لێی دەدەن و سووکایەتی پێ دەکەن.

هێزە  ئینتزامییەکانی ڕێژیم دوای ئەوەیکە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لەپێش چاوی خەڵک لەو کاسبکارە کوردە دەدەن، دەیبەنه بنکەی خۆیان لەوێش لێی دەدەن و سووکایەتی پێ دەکەن.

شایەتحاڵان باسیان لەوە کردووە ئەو کاسبکارە لەبەر ئەوە کە ٢٠ لیتر گازۆئیلی  پێ بووە، بەو شێوە نامرۆڤانە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژانە کۆڵبەرانی کورد بۆ وەدەستهێنانی بژیوی ژیانیان ڕوویان لەو کارە مەترسیدار و کەرامەتشکێنە کردووە، لە چیاکانی کوردستان دەدرێنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران.