کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاغەزی ئێران بە قاچاخ دەبردرێت

18:59 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە دەستیان بەسەر ١١ تۆن کاغەزی قاچاخدا گرتووە.

لە کاتێکدا قەیرانی کەمیی کاغەز هەموو دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئێرانی گرتووەتەوە، بەرپرسانی ڕێژیم، بە هەواڵدەری "باشگای خەبەرنگارانی جەوانـ"یان ڕاگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دەستیان بەسەر ١١ تۆن کاغەزدا گرتووە کە ویستراوە هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت.

فەرماندەی نیزامیی شاری "ئەلیگودەرز"، لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە بەهای ئەم ١١ تۆن کاغەزە، ٢ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن ڕیاڵ بووە. قاچاخی ئەم بڕە زۆرەی کاغەز لە کاتێکدایە کە وڵاتی ئێران لەگەڵ کەمیی کاغەز بەرەوڕووە و ناکرێت کاری کەسانێکی ئاسایی بێت و گومانی ئەوە دەکرێت کە کەسانی کاربەدەست و پلە باڵا لە پشت ئەم کارەوە بن.

قەیرانی کاغەز لە ئێراندا بە ڕادەیەک گەیشتووە کە لە ماوەکانی ڕابردوودا، "عەلی باقرزادە"، جێگری گەشەی سەرچاوەکان و پشتیوانیی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و بەرنامەداڕێژیی فێرکاریی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، ڕایگەیاند کە چاپی کتێبە دەرسییەکانیان ڕاگرتووە و نرخەکانیشیان گرانتر بووە.

هەروەها "موجتەبا شەریعەتی"، جێگری پەروەردەی وەزارەتی علوم، لە بەخشنامەیەکدا بۆ سەرجەم زانکۆکانی ئێران، داوای کردبوو کە ئاگاداری بەکارهێنانی کاغەز بن و چاپکردنی پایاننامە، ڕاپۆرت و بابەتە دەرسییەکانی قەدەغە ڕاگەیاندبوو.