کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کافەکتێبی ئەندێشە: ناحەزانی نەتەوەکەمان هەرگیز ناتوانن بە داخستنی ناوەندەکەمان، ئەم کاروانە مافخوازە بووەستێنن

11:07 - 27 سەرماوەز 2721

دوای داخستنی کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لەو شارە، بەڕێوەبەرانی ئەم کافەیە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و بەتوندی ئەم کردەوەیەی ڕێژیمیان شەرمەزار کرد و لەسەر بەردەوامبوونیان بۆ پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەیی گەلی کورد، جەختیان کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی خۆشەویست، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

وەک ئاگادارن، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، بە هێرشکردنە سەر ناوەندی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشار و دەسبەسەرکردنی سێ کەس لە هەڵسووڕاوانی ئەم ناوەندە، ڕۆژی ۲۲ی سەرماوەز بە شێوەیەکی نایاسایی ڕێگرییان لە درێژەدانی چالاکییەکانی ناوەندەکەمان کرد و دایانخست.

بیرۆکەی دامەزرانی ناوەندی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە لە دەرەنجامی ئاوڕدانەوەیەکی کریتیک و ڕەخنەگرانە لە بنەما تیۆرییەکان، فۆرماسیۆن و پێکهاتە و هەروەتر خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەزموونی ڕێکخراوە مەدەنییە سەرکەوتووەکانی کوردستان، لە ساڵی ۲۰۱۶ی زایینی لەدایک بوو.

ناوەندی ئەندێشە، لە سەرەتای دامەزرانیەوە وێڕای ئەوەی کە تێکۆشا بە گەڵاڵەکردن و جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پرۆژەی هزری و کردەکی، ببێتە سەکۆیەکی ڕووناکبیری بۆ بیرمەندان، ئاکادێمیسییەن و توێژەرانی کوردستان، هاوکات لە جێدا هەوڵی دا لە ڕێگەی بەربڵاوکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ شەقام، وەک ڕێکخراوەیەکی خەڵکی و جەماوەری دەور بگێڕێت.

ناوەندی مەدەنیی ئەندێشە، وەک ڕێکخراوەیەکی ناحکوومەتی و سەربەخۆ، لە بواری وێژمانی و دیسکۆرسیڤەوە، خۆی نەتەوەیی و دێموکراسیخواز پێناسە کرد و لە توێی چالاکییەکانیدا سەرەڕای داکۆکیکردن و دەروەستبوون بە داڵ و ماکە ناسێنەرەکانی ناسنامە و گوتاری نەتەوەیی، هەوڵی دا بەستێنێکی گونجاو بۆ چالاکانی جووڵانەوەی ژنان، ژینگەپارێزی و... پێک بێنێت. هەرچەند مخابن ناوەندی ئەندێشە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گوشار و بەربەستە ئەمنی و ئیدارییەکانی دەوڵەت، تەنیا توانی بەشێک لەو بەرنامەیە جێبەجێ بکات کە لە نەخشەڕێگای ڕێکخراوەدا گونجێندرابوو.

هاووڵاتییانی خۆشەویست!

دوای هێرشی هۆڤانەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ڕێکخراوەکەمان و دەسبەسەرکرانی سێ کەس لە بەڕێوەبەران، بەداخەوە دەبێ پێتان ڕابگەیەنین کە دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی، ستەمکارانە و "بەر لە بڕیاری دادگا"، بڕیاری داخستنی یەکجاریی کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشاریان دەر کرد.

ئێمە وەک ڕێکخراوەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە، هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ڕێکخراوەکەمان و هەروەتر دەکارکردنی توندوتیژی، لێدان، هەڵکێشانی چەک، هەڕەشەی گیانی و ئازاری دەروونیی سێ کەس لە بەڕێوەبەرانمان بە ناوەکانی "خەبات خەتیاڵ، جەهانگیر ساغەرنیا و میلاد هاتێف"، بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین و بڕیاری داخرانی ناوەندی کافەکتێبی ئەندێشە بە بڕیارێکی ئەمنی و لە "دەرەوەی یاسا" دەزانین.

ئێمە تەواوی ئەو تۆمەتە بێبنەمایانە ڕەت دەکەینەوە کە بە ناڕەوا خراونەتە پاڵ هاوڕێیانمان و دژایەتیی هەر چەشنە بڕیارێکی داسەپاو دەکەین. ئێمە دۆزی ناوەندی ئەندێشە بە دۆزی هەموو چالاکانی ئازادیخوازی کوردستان دەزانین و لەو قۆناغەدا دروشمی خاتوو "زارا محەمەدی"، مامۆستای خۆڕاگر و دەروەستی زمانی کوردی دووپات دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین: "ئەگەر هەوڵدان بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتی و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و مەدەنییەکانمان تاوانە، بێشک ئەوە بە تاوانێکی پیرۆز دەزانین!".

شایەنی باسە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی داخرانی کافە و دەسبەسەرکرانی هاوڕێیانمان، شەپۆلێکی بەرینی پاڵپشتیکردن لەلایەن چالاکان و ڕێکخراوەکانی سەرانسەری کوردستان لە ڕاگەیێنە گشتییەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا وەڕێ کەوت. ئێمە وەک ڕێکخراوەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە، ئەوپەڕی سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە شێوازی جۆراوجۆر لە ناوەندی ئەندێشە بەخاوەن دەرکەوتن و پاڵپشتییان لێ کردین. لە ڕاستیدا ئەم پاڵپشتییە دەریخست کە ڕێکخراوەی مەدەنیی ئەندێشە ئەگەرچی بە تەمەن ساوا بوو بەڵام بەخۆشییەوە پەیامە شوناسخوازانە و نەتەوەییەکەی لەو ماوە کەمەی چالاکییەکانیدا لە هەموو ناوچەکانی وڵات بیسرا و وەرگیرا و چالاکان ڕێکخراوەیان بە هیی خۆیان زانی. پێ سەربەرزین کە سنووری ڕێکخراوەکەمان لە جغزی شارێکدا نەماوە و جێپەنجەی چالاکییەکانی لە دێلوڕان و لەکستانەوە تا چاڵدێڕان دیارە.

 ناوەندی مەدەنیی ئەندێشە، بە دروشمی "بێشکەی بەرهەمهاتنی بیری ئازاد!" هاتە گۆڕەپانی خەباتەوە. نەیاران باش بزانن کە ئەگەرچی ناوەندی ئەندێشەیان داخست بەڵام هەرگیز بەو هێرشانە ناتوانن بیری ئازادیخوازی لە ناخماندا بکوژن و ئێستاکە تێکۆشەرانی کورد لە هەر سووچێکی ئەم نیشتمانەدا بێشکەی بیری ئازاد و ئازادیخوازی ڕادەژێنن!

لە کۆتاییدا، دڵنیایی دەدەین بە خەڵکی کوردستان کە ناحەزانی نەتەوەکەمان هەرگیز ناتوانن بە داخستنی ناوەندی ئەندێشە و سزادانی چالاکان، ئەم کاروانە مافخوازە بووەستێنن و بێگومان بە پاڵپشتیی خەڵکەکەمان و بە ئیرادەوە لە وێستگەیەکی نوێی خەباتدا و لە سەنگەرێکی نوێدا بەربەرەکانیی وێژمانی دەست پێ دەکەینەوە.

ڕێکخراوەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە (پیرانشار)

٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی