کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە داخرا

11:55 - 22 سەرماوەز 2721

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند کەس لە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار ڕژاونەتە نێو کافەکتێبی ئەندێشەی ئەو شارە و بە لێدان و سووکایەتی، بێڕێزییان بە بەڕێوەبەرانی ئەو کافەیە کردووە.

هێزە تاڵانچییەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر کامپیۆتێر و چەندین کتێبدا گرتووە و لە بەرامبەردا یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کافەکە بەرەنگاریان بووەتەوە. پاشان ئەو بەڕێوەبەرەی کافەیە دەسبەسەر دەکەن و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی دەبەن و پاش لێدان و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر و هەڕەشەکردن، ئازادی دەکەن.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ڕۆژانە چەند کەسایەتیی بەناوبانگ بۆ کتێبخوێندنەوە سەردانی ئەو کافەیە دەکەن و بووەتە هۆی ئەوەیکە لاوەکان هان بدرێن کتێب بخوێننەوە.

ئەو هەوڵەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە لە شارەکانی کوردستان و ئێران بە هەزاران شوێن بۆ نێرگەلەکێشان هەیە کە سەرەڕای داخوازیی هاووڵاتییان بۆ داخستنیان، ئەو شوێنانە داناخرێن.