کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کامران ڕەسووڵی: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، گەلی کورد بە شێوەیەکی بوێرانە بۆ سەرەتاییترین ویست و داخوازییەکانی خۆیان لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران بەردەوام دەنگیان هەڵبڕیوە

21:51 - 29 بانەمەڕ 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

سەرۆکی دامەزراوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامریکا داوای لە سەرکۆماری ئامریکا کردووە کە بۆ پێشگرتن لە هەڵگیرسانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ستراتیژیی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران بگرێتە بەر.

"مایکل ماکۆفێسکی"، سەرۆکی دامەزراوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامریکا وتوویەتی: "ئامریکا دەبێ ستراتیژیی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران بگرێتە بەر و هەروەها دەبێ سیاسەتی گوشاری لانیزۆریی ئامریکا درێژەی هەبێت هەتا ناکۆکییەکان لە ئێراندا زیاتر بێت".

بۆ باسکردن لەسەر ئەم بابەتە، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز "کامران ڕەسووڵی"، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات، پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

١- سەرۆکی دامەزراوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامریکا باس لە هەڵگیرسانی چ شەڕێک و شەڕ لە نێوان چ وڵاتانێکدا دەکات؟

 بە بڕوای من هەوڵی ئەوان هەڵگیرساندنی شەڕ، واتە شەڕی بەرەی چەند وڵات پێکەوە لە دژی چەند وڵاتی دیکە نییە و ناکرێت، بەڵکوو ستراتیژیی ئەوان زیاتر هەوڵدانە بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای کەڵک وەرگرتن لە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران و هاوکاریی ڕاستەوخۆی بەرهەڵستکارانی ڕێژیمی ئێرانە. ئەگەریش باس لە هەڵگیرساندنی شەڕ بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامیی ئامریکا بێت، ئەوا زیاتر ئامریکا و ئیسرائیل لە بەرەیەک و ئێران و هاوپەیمانەکانی ڕێژیمی ئێران وەک حیزبوڵڵای لوبنان و ڕێژیمی "ئەسەد" و گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەکەیە کە لە ئێستاشدا ئەو ڕووبەڕووبونەوە و شەڕە، ناو بە ناوێک هەیە و دەیبینین کە ئامریکا و ئیسرائیل ڕۆژانە پێگەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێران و تەنانەت هێزە کانی سپای قودس لە سووریە و عێراق دەکەنە ئامانج.

٢- ئەو سیاسەتوانە باسی لە ستراتیژیی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران کردووە؛ ئەمە بە واتای شەڕی ڕاستەوخۆیە یان توندکردنەوەی گەمارۆکان؟

من لەو باوەڕەدام کە "مایکل ماکۆفێسکی" ئەو تیمەی کە کار بۆ بەهێزترکردنی ستراتیژیی ڕووخانی ئێران دەکەن زیاتر ئامانجیان ئەوەیە کە گەمارۆکان توندتر بکرێن و لە بەرجام بە تەواوی بێنە دەرەوە و لایەنێکی دیکەی هەوڵی ئەوان ڕازیکردنی وڵاتانی ئورووپایی دەبێت بۆ توندترکردنی گوشارەکانیان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کە "مایکل ماکۆفێسکی" پێی وایە کە ئەگەر ئەوان بتوانن سەرکەون لە ڕازیکردنی وڵاتانی ئورووپایی بە دژی ئێران، ئەوا توانیویانە بە نرخێکی کەم زەربەیەکی قورس لە هەیمەنە و پەیکەری ڕێژیمی ئێران بدەن.

٣- لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ، ڕێژیمی ئێران چەندە توانای بەرپەرچدانەوەی هەیە؟

لە ئەگەری هەڵگیرساندنی هەر شەڕێک، ڕێژیمی ئێران تواناییەکانی لە ئاستێکدا نین کە بتوانێت لە بەرامبەر ئامریکا پەرچەکرداری توند لە خۆی نیشان بدات. نموونەی، هێرشی مووشەکیی چند مانگی ڕابردوو بە دوای کوژرانی "قاسم سلێمانی" بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئامریکا ئەمەمان پێ دەڵێت کە ئێران سەرەڕای ئەو هەمووە پارەیە کە بۆ بەشی نیزامیی تەرخان کردووە، نەیتوانیوە بگات بەو ئاستەی کە پەرچەکرداری قورسی لە بەرامبەر ئامریکا هەبێت. یان بە واتایەکی دیکە تواناییەکانی ڕێژیمی ئێران چ لە باری "کەمی" و چ لە باری "کەیفی" لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێت شەڕی وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک ئامریکای پێ بکرێت. لە تەنیشت هەموو ئەمانە ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانگەلێکی زۆرە کە ئەم قەیرانانە تەنگی پێ هەڵچنیون.

٤- سیاسەتی گوشاری لانیزۆری ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بە چ مەبەستێکە و تا کەی درێژەی دەبێت؟

من پێم وایە سیاسەتی گۆشاری لانیزۆریی ئامریکا بۆ سەر ئێران لە هەنگاوی یەکەم زۆرتر بە مەبەستی بەهێزترکردنی دەنگی ناڕازیی نێوخۆی ئێران و جۆرێک لە پشتیوانی بۆ ئەو خەڵکە ناڕازییەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو سەرەڕای هەموو سەرکوت و زەبروزەنگی ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمەدا ڕاوەستاون. لە وڵامی بەشی دووهەمی پرسیارەکە دەتوانم ئەوە بڵێم کە تا ئەو کاتەی کە ڕێژیمی ئێران ملکەچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات و دەستی ئێران لە بشێوییەکانی ناوچەکە وەک یەمەن و لوبنان و سووریە کەم بکاتەوە، بە شێوەیەکی گشتی تا ئەو کاتەی کە ئامریکا کۆنترۆڵی ڕێژیمی ئێران بەتەواوی بکات، ئەو گوشارانە درێژەیان دەبێت.

٥- مەبەستی "مایکل ماکۆفێسکی" بۆ زیاتر بوونی ناکۆکییەکان، کامانەیە؟

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، بەتایبەت ئەم یەک دوو ساڵەی دوایی، گەلانی ئازادیخوازی ئێرانی و یەک لەوان گەلی کورد بە شێوەیەکی نەترسانە و بوێرانە بۆ سەرەتاییترین ویست و داخوازییەکانی خۆیان لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران بەردەوام دەنگیان هەڵبڕیوە و هاتوونەتە سەر شەقام، کە زۆر جار گەلانی ئێران لە دەرفەتێک گەڕاون بۆ ئەوەی کە دەنگ هەڵبڕن، بۆیە "مایکل ماکۆفێسکی" و تیمەکەی پێیان وایە کە دەبێ ئەو ناکۆکییانە هەم پەرەیان پێ بدرێت، بەو مانایەی کە ئەوندە ڕێژیمی ئێران بخرێتە ژێر گوشارەوە کە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک ناتەوان بێت و لە ئاکامدا خەڵکی ئێران دژی ئەو ڕێژیمە بێنە سەر شەقام و ڕاپەڕن.و هاوکات پشتیوانییان لێ بکرێت بەو مانایە کە گەلانی ئازادیخوازی ئێران لەسەر شەقام و لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان بە تەنیا نە‌هێڵنەوە.

٦- لە ئێستادا، جێگە و پێگەی نیزامی و سیاسیی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا تووشی چ گۆڕانکاریگەلێک بووە؟

بە دوای هەڵبژاردنی "ترامپ" وەک سەرکۆماری ئامریکا، توانا و پێگەی ڕێژیمی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە جیهان و بەتایبەت لە ناوچەکە لاواز بووە؛ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو بە شێوازێکی بەربڵاو جێگە و پێگەی ئێران بەتایبەت لە سووریە سەرەڕای دابینکردن و یارمەتیدانی دەیان و بگرە سەدان میلیارد دۆلار بە ڕێژیمی "ئەسەد"، لاواز بووە و لە لوبنان و یەمەن و عێراقیش بە دوای کوشتنی قاسم سلێمانی، پێگە و جیگەی نیزامی و سیاسیی ئێران لاوازییەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بە شێوەیەک کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەو نرخ و هەزینە زۆرەی لە سووریە، یەمەن، لوبنان و عێراق داویەتی، پێگە و جێگەی سیاسیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە کزبوون دەکات و خەڵکی ئەو وڵاتانە لە ئێستادا ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لەنێو کاروباری وڵاتەکانیان بە ڕۆڵێکی تێکدەرانە چاو لێدەکەن، بە واتایەکی تر زۆرتر ڕێژیمی ئێران بەجێی ئەوەی کە وەک خودی ڕێژیم دەڵێت هێزێکی یارمەتیدەر بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە ناو ببرێت، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە حوزووری ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی، بەتەواوی تێکدەرانە ناو لێ دەبن.

٧- بە بۆچوونی جەنابتان، کۆتایی تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نزیکتر بووەتەوە؟

بە سەرنجدان بە ڕووداوەکانی دەیەی ڕابردوو و پێگە و جێگەی ڕێژیمی ئێران لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و دۆخی نالەباری ئابووری و بێکاری و ناڕەزایەتییەکانی بەردەوامی گەلانی ئێران لە ساڵانی دوایی و هەروەها دەیان فاکتەری دیکە ئاماژەن بەوەیە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا لە لاوازترین حاڵەتی خۆیدایە و ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز و ئیرادەیەکی یەکگرتووی نێوخۆیی و نیودەوڵەتی هەبێت، تەمەنی ڕێژیمی ئێران دواهەمین ساتەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت و من پێم وایە بە سەرنجدان بەو فاکتانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، گەلانی ئێران بە تەواوی خۆیان بۆ ڕاودوونانی ئەو ڕێژیمە ئامادە دەکەن.