
کوردستان میدیا: یەکیەتیی نێودەوڵەتیی شۆفێرانی کامیۆندارانی ئامریکا و کانادا، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا پشتیوانیان لە مانگرتنی کامیۆندارانی ئێران کرد.
مانگرتنی کامیۆندارانی ئێران و کوردستان بۆ پێڕاگەیشتنی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە داواکارییەکانیان بەردەوامە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش، لە سەرووی هەموویانەوە سادق ئامولیی لاریجانی، بەرپرسی دەزگای بەناو دادی ڕێژیم، هەڕەشەی لە مانگرتنی کامیۆنداران کردووە.
لەو نامەیەی یەکیەتیی نێودەوڵەتیی شۆفێرانی کامیۆندارانی ئامریکا و کانادادا هاتووە: "ئێمە پشتیوانی لە خوشک و برایانی مانگرتووی خۆمان لە ئێراندا دەکەین".
مانگرتووان بە هۆی گرانبوونی شتومەکی ماشێنە بارهەڵگرەکان و حەقی کۆمسیۆنی لەڕادەبەدەری باربەرییەکان، دەستیان داوەتە مانگرتن و ڕایانگەیاندووە، هەتا ڕێژیم وڵامی هەموو داخوازییەکانیان نەداتەوە، دەسهەڵگری داواکاری و ناڕەزایەتییەکانیان نابن.
ئەم مانگرتنە لە ڕۆژی سێشەممە ١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردووە.
مانگرتنەکان سەرەتا لە پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی، هورموزگان، فارس، لوڕستان، کرمان، ئیسفەهان و قەزوین دەستی پێ کرد، بەڵام دواتر چەندین شار و پارێزگای دیکە، بەتایبەت شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشی پێ زیاد بوو.
بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی بنبڕکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵک، پەیتاپەیتا وەکوو نەریتی هەمیشەیییان، هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و هۆشداری دەدەن، کە لە ئەگەری بەردەوامیی لە ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ سزا و توندوتیژیی هێزە بەناو ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو دەبنەوە.
لەم پێوەندییەدا وتەبێژی دەزگای بەناو قەزاییی ڕێژیم، موحسێنیی ئێژەیی، ڕۆژی یەکشەممە لە پرێسکۆنفڕانسێکدا، وەکوو هەمیشە وێڕای تێوەگلاندنی ئامریکا و ئیسرائیل لە دوایین ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، هۆشداری بە ناڕازییان داوە، کە دەست لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان هەڵبگرن، دەنا لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو دەبنەوە.