کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کامیۆنێکی هێرۆئینی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی کۆماری ئازەربایجاندا دەستی بەسەردا گیرا

12:05 - 13 خەرمانان 2720

دەوڵەتی کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاندووە بارێکی زۆری هێرۆئینی ڕێژیمی ئێران کە ویستوویەتی لە ڕێگەی سنووری "ئاستارا"وە ئاودیوی ئەو وڵاتە ببێت دەستی بەسەردا گیراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان، ماڵپەڕی گومرکی کۆماری ئازەربایجان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە سنووری "ئاستارا"  کامیۆنێکی ئێرانی کە بارێکی زۆری هێرۆئینی لە کەلوپەلی کشتوکاڵیدا شاردبووەوە دۆزیوەتەوە و دەستی بەسەردا گرتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی گومرکی " کۆماری ئازەبایجان" ئەو ماددە هۆشبەرانە کە ٣٠٥ کیلۆ گرەم و ٥٩٨ بەستە بووە؛ ٢٢ ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ئەو کامیۆنە ویستوویەتی لەدوای چوونە نێو وڵاتی کۆماری ئازەربایجان لە ڕێگەی بەلەمەوە هێرۆئینەکان بیگوازنەوە بۆ وڵاتی قەزاقستان.

بەپێی بەڵگەنامەی "ویکی لیکس" وڵاتی ئێران گەورەترین قاچاخچیی ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندایه.