کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا داوای لە هاوڵاتییانی کردووە کە خۆیان لە سەفەرکردن بۆ ئێران ببوێرن

12:02 - 21 جۆزەردان 2722

دەوڵەتی "کانادا" داوای لە هاوڵاتییانی کردووە کە بە هۆکارەکانی "بارودۆخی شێواوی ئەمنییەتی، هەڕەشەی تێرۆریزم لە ناوچەکە و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە"، خۆیان لە سەفەرکردن بۆ ئێران ببوێرن.

ئەو هۆشدارییە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردان، ڕۆژێک دوای ئەوە بڵاو بووەوە کە ڕاگەیاندنی حوکمی دادگای باڵای "ئونتاریۆ" سەبارەت بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ٧٥٢ی ئۆکراین بە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە ماڵپەڕی فەرمیی دەوڵەتی "کانادا" بڵاو بووەوە.

هەروەها ئەو دادگایە بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لە حوکمێکدا بڵاوی کردەوە کە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی "ئۆکراینـ"ـی لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە، هەوڵێکی "بەئەنقەست و تێرۆریستی" بووە.

فڕۆکەی "پی ئێس ٧٥٢"ی ئۆکراینی کە هەڵگری ١٧٦ موسافیر بوو، ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٨، لانیکەم بە دوو مووشەکی سپای تێرۆریستی خرایە خوارەوە و هەموویان کوژران؛ زۆربەی ئەو کوژراوانە ڕەگەزنامەی ئێرانی- کاناداییان هەبوو.

لە دوای ئەو ڕووداوە پەیوەندیی نێوان ڕێژیمی ئێران و کانادا تێک چوو، هەروەها بنەماڵەی قوربانییانی ئەو فڕۆکەیە هەتا ئێستا چەندین جار داوایان لە دەوڵەتی "کانادا" کردووە کە بە شێوەیەکی جیدیتر ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە ببێتەوە.