کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا زانیارییەکانی سندووقی ڕەشی فڕۆکەی ئۆکراینیی قبووڵ نییە

12:20 - 3 خەرمانان 2720

پاش بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری سەبارەت بە فڕۆکەی ئۆکراینی، وەزیری دەرەوەی کانادا ڕایگەیاند، زانیارییەکان بەرتەسکە و دەبێ زانیاریی زیاتر بڵاو بکرێتەوە.

ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران لە یەکەمین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە خوێندنەوەی سندووقی ڕەشی فڕۆکەی ئۆکراینی ڕایگەیاندووە کە موسافیرەکانی فڕۆکەکە تا کاتی لێدانی مووشەکی دووەم زیندوو بوونە.

هەروەها "توورەج زەنگەنە" سەرۆکی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، ١٩ چرکە پاش لێدانی مووشەکی یەکەم ئیتر دەنگێک نەماوە و پاش ٢٥ چرکە کە مووشەکی دووەم لە فڕۆکەکە دەدات دەزگاکانی تۆمارکردنی دەنگ و زانیاریی فەنیی فڕۆکەکە لە کار کەوتوون و لەوەوبەدوا شرۆڤەیەک سەبارەت بە چۆنیەتیی لێدانی مووشەکی دووەم لەبەر دەستدا نییە".

لەو پەیوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی کانادا، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان، ڕایگەیاندووە کە ڕاپۆرتی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە سندووقی ڕەشی فڕۆکەی ئۆکراینی ڕاپۆرتێکی بەرتەسکە و هەڵبژێردراو.

کانادا سەرەڕای نیگەرانی دەربڕین لەو بارەوە داوای وڵامدەربوونی ئێرانی بە پرسیارە گرینگ و بنەڕەتییەکان سەبارەت بە چۆنیەتی و هۆکاری کردنە ئامانجی فڕۆکەکە کردووە.

هەروەها سوئید کە چەندین موسافیری لەو فڕۆکەیەدا بوونە ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران، ملکەچ بووە بە پێدانی غەرامەت بە بنەماڵەی قوربانییان، بەڵام ئەو بنەماڵانە ڕایانگەیاندووە کە ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان لە غەرامەت گرینگترە.

٨ مانگ پێش واتە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، سپای تێرۆریستی پاسداران بە دوو مووشەک هێرشی کردە سەر فڕۆکەی موسافیربەریی بووئینگی ٧٣٧ی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئۆکراین و لە ئاکامدا ١٦٧ موسافیر و ٩ خەدەمەی فڕۆکەکە گیانیان لەدەست دا.