کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانوونی نووسەرانی کوردستان: کۆماری ئیسلامی هەوڵی قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کورد دەدات

11:48 - 18 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کانوونی نووسەرانی کوردستان لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد و ئەم هەوڵە ترسنۆکانەی ڕێژیمی بە هەوڵێک بۆ قەلاچۆکردنی نەتەوەی کورد لە قەڵەم دا

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەنراوی کانوونی نووسەرانی کوردستان بە دژی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ قەڵاچۆکردنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

گەلی سەربەرزی کوردستان

کەسایەتی، کۆڕ و کۆمەڵە بەشەردۆست و ئازادیخوازەکان

نووسەران، ڕووناکبیران و ئازادیخوازانی ویژدان زیندووی فارس و نەتەوە بندەستەکانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە،١٣٧٩/٦/١٧هەتاوی بەرانبەر بە (٢٠١٨/٩/٨) هاوکات لەگەڵ لە سێدارەدانی هەردوو برا (زانیار و لوقمان مرادی)، و (ڕامین حوسێن پەناهی)، کە ماوەیەکی زۆر بوو خێزانەکانیان و خەڵکی کوردستان چاوەڕێی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ناڕەوای لە سێدارەدانیان بوون، هێرشی مووشەکیی بۆ سەر کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دیموکرات دەست پێکرد و بەداخەوە لەو مووشەک باران کردنەدا کۆمەڵێک کەسەیاتیی خەباتگێڕی سیاسی، ڕۆژنامە نووس، ژن و منداڵ شەهید و بریندار بوون.

ئەم هێرشانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتێکدایە کە لە هەفتەی ڕابردوودا لە پیلانێکدا چوار چالاکی ژینگەپارێز، بەناوەکانی (شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەمەد پەژووهی) شەهید کران. جگە لەوانەش، کوشتنی کاسبکاران وکۆڵبەرانی کوردستان بەردەوامە و لە چەند مانگی ڕابردووەوە هەڵمەتی خستنە ژێر چاوەدێریی و هەڕەشەکردن، گرتنی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی ژینگە، و مافی مرۆڤ لە باشوورەوە (لە لوڕستان، ئیلام و کرماشانەوە) تا ( ورمێ و ماکۆ)، باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە.

کانوونی نووسەرانی کوردستان ئەم پەلامارە دڕندانە و بێ بەزەییانەی کۆماری ئیسلامی بە هەوڵی قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کورد لەهەموو بوارەکانی ژیانی گەلەکەمان دەزانێت کە هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە فەرمان و فەتوای جیهادی بنیادنەری ئەو ڕێژیمە لەسەر خەڵکی کوردستان بەڕێوە دەچێت و هەموو هەوڵێکی ئاشتیخوازانەی نەتەوەکەمانی بۆ بەرگریی ڕەوای لەخۆی و بەدەستهێنانی مافەکانی بە کۆمەڵکوژی، تیرۆر، سەرکوت، زیندان، بێبەشکردن و داگیرکردنی سەرچاوەکان و سامانی نیشتمانەکەمان وەڵام داوەتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵ تەمەنیدا، دەرفەتەکانی ژیانێکی ئینسانی و شەرافەتمەندانەی لەخەڵک بەگشتی و تەنانەت لەکاسبکاران و کۆڵبەرانی کوردستان زەوت کردووە، و ڕێگری لە بەدەستهێنانی سەرەتاییترین مافە کولتوریی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەکەمان لەباری زمان، ئایین و نەریتی کوردەواری کردووە و هەوڵی سەپاندنی کولتور و ئایدۆلۆژیایەکی کۆنەپەرەستانەی بەسەر خەڵکی کوردستان داوە.

هەر بۆیە، ئێمە وەک کانوونی نووسەرانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی داخ و کەسەری خۆمان بۆ گیان لەدەستدانی ئەو شەهیدانە دەردەبڕین و سەرەخۆشیی لە بنەماڵە داخدارەکانیان، هاوڕێ و خزم و کەسەکانیان دەکەین، ئەم هێرش و توندوتیژییانە بە هەوڵی سڕینەوە و لەنێوبردنی گەلەکەمان وەک نەتەوەیەکی بندەست دەزانین. هەروەها، داوا لە ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە جیهانییەکان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نووسەرانی ویژدان‌زیندووی فارس و نەتەوە هاوچارەنووسەکانی دیکەمان لە ئێران دەکەین بەدژی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کورد بێنە دەنگ و ئەم هەوڵە دژی مرۆڤایتییانە ڕیسوا و مەحکوم بکەن.

کانوونی نووسەرانی کوردستان/ڕۆژهەڵات

١٣٩٧/٦/١٧ی هەتاوی / ٢٠١٨/٩/٨ی زایینی