کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانوونی نووسەرانی ئێران لە سەر سانسۆرەکانی ڕێژیم ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

18:15 - 11 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کانوونی نووسەرانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی سانسۆر، لە سەر سانسۆری لە ڕادەبەدەری ڕێژیم ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

کانوونی نووسەرانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی، بەبۆنەی ۱۳ی سەرماوەز کە بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی سانسۆر دیاریکراوە و هاوکاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵوەگەڕی زەنجیرە تاوانە ڕەشەکۆژییەکانی ڕێژیم و کوشتنی "محەمەد موختاری" و "محەمەدجەعفەر پەیوەند" دوو ئەندامی چالاکی ئەو کانوونە، لە سەر سانسۆرە بێ سنوورەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وێڕای سەرکوتی خەڵکانی ناڕازی ئێران لە لایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سانسۆرەکانی دەنگی ناڕازییان، دەنگی ناڕەزایەتییەکان ئاشکراتر و بەهێزتر بوونە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، تەنانەت ده‌نگی ناره‌زایه‌تی لە لایەن نووسەران و هونەرمەندانی چینی پارێزەکاریش دەبیسترێت.

لە ڕاگەیەندراوی کانوونی نووسەرانی ئێران کە بەبۆنەی دەیەمین ساڵڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی سانسۆر بڵاو کراوەتەوە، نووسراوە؛ "یەکێک لە پەیامە هەرە خراپەکانی ئەو هەمووە هەڕەشە، قەدەغەکردن، چاوەدێری، پێداچوونەوە و...هتد، ئەوەیە کە ئەوانە هەمووی خۆدسانسۆری یان سانسۆری دەروونین. هەر شێوە سانسۆرێک فەرمی یان نافەرمی، کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی لە سەر دەروون، بیرکردنەوە، زمان، پەیوەندییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەبێت".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا لە سەر بارودۆخی سانسۆرەکانی ڕێژیم و سانسۆرستیزی لە کۆمەڵگای ئێراندا، هاتووە: "سانسۆری فەرمی و نافەرمی بە هەرشێوەیەک هەڕەشە بێت بۆ سەر ئازادی بەیان، دەبێت بە کردەوە لە کۆمەڵگادا بسڕدرێتەوە و هاوکات ئازادی بەیان بێ هیچ بەربەست و تێبینییەک دەبێت یاسایی بکرێت".

لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا داوا لە سەرجەم هونەرمەندان، نووسەران و هەموو چینەکانی دژ بە سانسۆر لە کۆمەڵگای ئێراندا کراوە تاکوو لە ڕۆژی ۱۳ی سەرماوەز و یادکردنەوەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی سانسۆر، بە هەموو شێوەیەک تێبکۆشن ئەو ڕۆژە لە دونیای واقیعی و هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ببێتە ڕۆژی دژبەرانی سانسۆر و دژبەری لەگەڵ سانسۆردا.