کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانگاکانی کوردستان هیچ قازانجێکیان بۆ خەڵکەکەی نییە

10:57 - 10 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کانگا ژێرزەوییەکانی کوردستان کە لە ژێردەستی کاربەدەستان و کەسانی سەر بە ڕێژیمی دەردەهێندرێن، تەنیا نەهامەتی بۆ خەڵک دێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، کە لە کانگای بەردی "سیلیس دێلۆمێت"، لە دوو گوندی کەرێزەی شێخان و ئاڵبڵاغی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، خەریکی دەرهێنانی هەردوو جۆری سیلیس و دێلۆمێتن؛ کێشەیەکی یەکجار زۆریان بۆ خەڵک ناوەتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا باسی لەوە کرد، خاوەن کانگاکە بە پشتیوانی فەرمانداری مەهاباد و کۆمیتەی بەناو ئەمنییەتی پارێزگای ورمێ، هەڕەشە لە خەڵکی کەرێزەی شێخان، ئاڵبڵاغ، بایندەرێ، چۆمەڵان و سێلەکە دەکەن و هەر چەند ڕوژ کەسێک یا کەسانێک بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەکەن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، خەڵکی ئەو گوندانە هیچ قازانجێک لەو کانگایانە نابینن و ساڵانە ئەو بەرد و خیزە کە دەردەهێندرێت، بۆ شارەکانی مەراغە و تەورێز و شارەکانی تری ئێران ڕەوانە دەکرێت.

هەروەها خەڵکی ئەو گوندانە، پاش‌ ساڵانێکی زۆر چاوەڕوانی ڕێگای ئیسفاڵت، ڕێگایەکی تەواو نائیستانداردیان بۆ کێشاون، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی خراپی ڕێگاوبان چەندین کەس لەو ڕێگایەدا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و نزیک بە ١٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و کەمئەندام بوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوەش کرد، خاوەنی ئەو کانگا بەردانە دوو کەسن بە ناوەکانی "جەماڵ بارینج و یووسف قادری"، کە بە پشتئەستووری بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان، سەرەڕای بوونی ڕێگای تایبەتی کانگا، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێگای گشتی، مەترسی بۆ سەر گیان و ماڵی گوندنشینانی ئەو ناوچەیە دروست دەکەن.

ڕێگای تایبەتی ئەو کانگایانە لە شەڕگەی ئابڵاغ بۆ چەڵەغانی دریاز ڕاکێشراوە، کە بە هۆکاری کێشە لەگەڵ گوندی دریازیش خەڵکی ئەو گوندە ڕێگری له هاتووچۆی بارهەڵگرەکان دەکەن.