کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانگای "سونگونـ"ـی ورزقان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە گەمارۆ درا

11:36 - 15 سەرماوەز 2721

ماوەی شەش ڕۆژە زیاتر لە دوو هەزار کەس لە کرێکارانی کانگای "سونگونـ"ـی ورزقان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات مانیان گرتووە و ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەز ئەو کانگایە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە گەمارۆ درا.

لە ئێستادا کەشێکی ئەمنییەتی بەسەر "ورزقانـ"ـدا زاڵە، هێڵی ئینتێرنێت لاواز کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان جگە لە کانگا، لە قوتابخانەکانیش جێگیر بوونە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، بەهۆی بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ کەس ناتوانێت بۆ کانگا هاتوچۆ بکات و بنەماڵەی کرێکارەکانیش ڕایانگەیاندووە ئەگر کێشەیەکیان بۆ دروست بێت لە بەردەم فەرمانداری کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

ئەو کرێکارانە ماوەی شەش ڕۆژە بەهۆی مووچەی کەم و گرێبەستی سێ‌ مانگە مانیان گرتووە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەز جەرسەقیلێک هێرشی کردە سەر مانگرتووان، پاشان خاوەن کانگا پاساوی هێنایەوە و وتبووی کە بەئەنقەست نەبووە و تۆرمۆزی بڕیوە.

کرێکاران باسیان لەوە کردووە کە بەرپرسانی دەوڵەتی و خاوەنکارەکان لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی کرێکاران و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئانتێنی مۆبایل و هێڵی ئینتێرنێتیان لێیان پچڕاندووە، سرویسی هاتوچۆیان لە کرێکاران ڕاگرتووە، ئاوی خواردنەوەیان بەستووە و دەرگای چێشتخانەیان لە کرێکاران داخستووە.