کوردستان میدیا: مێژوونووسێکی گەورەی کورد خەڵکی خوراسان، لە لایەن ئاکادیمیای کوردییەوە ڕێزی لێگیرا.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە ٢ی بانەمەڕ، کۆڕێکی ڕێزلێنان لەژێر ناوی کوردستانییەک لە خوراسانەوە، بۆ "کەلیموڵڵا تەوەحودی" ناسراو بە "کانیماڵ" لە لایەن ئاکادیمیای کوردییەوە، بە بەشداریی ژمارەیەک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کەسایەتیی سیاسی، ئەدیبان و مێژوونووسانی کورد لە هۆڵی "سەعد عەبدوڵا"ی هەولێر بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی "محەممەد ساڵح قادری" بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر، بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کرد.
ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر، "نەجاتی عەبدوڵڵا" جێگری سەرۆکی ئاکادیمیای کوردی، باسێکی لەسەر گرینگیی زمانی کوردی و کۆسپەکانی بەر ڕێگای بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی کرد.
پاشان "محەممەد حەمە باقی"، ئەندامی ئەنجومەنی ئاکادمیای کوردی، پەیڤی ئاکادیمیای سەبارەت بە گرینگیی ڕێزلێنان لە مێژوونووسان و گەورە پیاوانی کورد پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسێکی سەبارەت بە زمان و کولتووری کوردی پێشکەش کرد.
دواتر، "ڕێبوار سیوەیلی" سکرتێری ئاکادیمیای کوردی، دەقی بڕیارنامەی ڕێزگرتن لە مێژوونووسی گەورەی خوراسان، "کەلیموڵڵا تەوەحودی"ی بۆ بەشدارانی کۆڕەکە خوێندەوە.
لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، لەوحی ڕێزلێنان لە هەوڵ و تێکۆشانی ماندونەناسانەی "کانیماڵ"، لەپێناو ڕاگرتن و زیندوو هێشتنەوەی کولتووری کورد لە خوراسان، لە لایەن "نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پڕۆفیسۆر"عەبدولفەتاح بۆتانی" سەرۆکی ئاکادیمیای کوردی، پیشکەش بەو مێژوونووس و ئەدیبە گەورەیە کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی چەند وتەیەک لە لایەن "کەلیموڵڵا تەوەحودیـ"ـیەوە، کە تیشکی خستە سەر زوڵم و زۆری و ناحەقیی داگیرکەر، سەبارەت بە کوردە دوورخراوەکان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران بە مەبەستی لەناوبردنی زمان و کولتوور و داب و نەریتی کوردانی ئەو ناوچەیە؛ کۆتایی پێهات.
کەلیموڵڵا تەوەحودی ناسراو بە کانیماڵ، ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی ١٩٤١ی زایینی لە "ئوغازی شێروانە" لە خوراسان لەدایکبووە.
کانیماڵ خاوەنی ١٥ ناونیشانی کتێبە لەبارەی مێژوو، فەرهەنگ، ئەدەب و مۆسیقای کورد و بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە: "کلیدەر لە گێڕانەوەی بەڵگەمێژووییەکان" ، "کۆچی مێژوویی کورد بۆ خوراسان" ، "گۆرانییە کرمانجییەکان" ، "داری چل دەستان" ، "نادر ساحێبقڕان" ، "جەحفەرقوڵی زەنگوڵی، مەلیکوشوعەرای کرمانج" و "فەڕشی کوردی خوراسان".