کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانێکسی بوومەلەرزەلێدراوەکان ئاگری گرت

11:32 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا:  کانێکسەکانی بوومەلەرزەلێدراوەکان بۆ جارێکی دیکە لە شاری سەرپێڵ زەهاو تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.

شەوی یەکشەممە، ١٦ی پووشپەڕ، کانێکسی بوومەلەرزلێدراوان لە شاری سەرپێڵ زەهاو ئاگری گرت.

بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، خەڵک بۆ کواژندنەوەی ئاگر هیچ کەلوپەلێکی تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوەیان نییە و تیمەکانی ئاگر کوژێنەوەش لە هیچ شوێنێک نابینرێن.

ئەم ڕووداوە بەهۆی "تەزووی کارەبا" کەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

لە یەکێک لە فیلمە بڵاوکراوەکاندا، خەڵک ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە بەڵێنە درۆیینەکانی بەرپرسانی ڕێژیم دەردەبڕن و یەکێک لە بوومەلەرزە لێدراوان دەڵێت: "ئەمە نزیک دوو ساڵە، خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو لە ناو کانێکسدا ژیان دەکەن، ئەوە هەروا کانێکسەکانیشیان ئەسووتێ، بەرپرسە نەشیاوەکان لە کوێن؟ نازانین!"

دوای تێپەڕینی نزیک  بە دووساڵ بەسەر ڕوودانی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشاندا، خەڵکی لێقەوماوی ئەم پارێزگایە، سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچانە بە ڕێژەی ٩٥ لەسەد، هێشتا لە ناو کانێکس و چادردا دەژین.

لە کاتێکدا کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی ڕێژیم، بۆ خەڵکانی وڵاتی یەمەن، سووریە و فەلەستین و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەن، خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان، لە ئاوەدانکردنەوەی ماڵەکانیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئیتر بێ هیوا بوون و هیچ ئومیدێکیان نەماوە.