کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاولکاریی ژینگە لە مەریوان بەردەوامە

14:00 - 20 بانەمەڕ 2720

سەرەڕای هۆشدارییەکانی ژینگەپارێزان و خەڵکی کوردستان، کاولکارییەکانی سروشتی کوردستان لە شاری مەریوان هەروا بەردەوامە.

لە ماوەی ڕابردوودا، نەیارانی ژینگە و سروشتی کوردستان بەشێکی دیکە لە دارستان و سروشتی کوردستانیان لە شاری مەریوان دایە بەر تەوژمی هەلپەرستی و بۆ بەرژەوەندیی کەسی لە زۆربەی ناوچە و گوندەکان دەستیان داوەتە کاولکاری.

لە گوندی "کیکن" سەر بە ناوچەی "خاوومیراوا" لە مەریوان، کەسانی هەلپەرست بەشێک لە دارستان و مەزراکانیان بە مەبەستی دروستکردنی مڵک و باخی کەسی فەنس کێشاوە و داگیریان کردووە.

هەروەها بە پشتبەستن بەو وێنە ماهوارەییانەی کە لەلایەن "ئەنجومەنی سەوزی چیا"وە بڵاو بووەتەوە، ڕێژەیەکی بەرچاو و بەرین لە دارستان و لێڕەوارەکانی گوندی "سەردۆش" سەر بە ناوچەی "خاوومیراوا" کاول و بنبڕ کراون.

هاووڵاتییانی خەڵکی گوندی "کاڵی ژووروو" سەر بە بەشی ناوەندیی مەریوانیش بەرانبەر بە کاولکاریی دارستانەکانی ئەو گوندە نیگەرانییان دەربڕیوە و هۆشدارییان داوە کە ئەگەر پێشی پێ نەگیردرێت بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕوات.

هەر ئەو دۆخە لەلایەن بەشێکی دیکە لە هەلپەرستانەوە لە دەوروبەری "بەنداوی گاڕان" لە ناوچەی "سەرشیو" دووبارە بووەتەوە و داربەڕووەکانی ئەو ناوچەیەش دراونەتە بەر تەوری نەیارانی ژینگە.

لەلایەکی دیکەشەوە دارەکانی نێوان گوندەکانی "سەردۆش" و "دەرەتفێ" بڕدراون و لە بری پارەدا فرۆشراونەتەوە.

دارستان و لێڕەوارەکانی گوندی "سەڵەسی" و "دەشتی کانی ژەنان" سەر بە بەشی ناوەندی، دارستانەکانی نێوان گوندەکانی "ڕەشەدێ" و "ئەسراوای کۆن" سەر بە بەشی ناوەندی، دارستانەکانی "لەنجاوا" و "نشکاش" سەر بە بەشی ناوەندی و دارستانەکانی گوندی "جانەوەرە" و "ملەی شێخ عەتار"یش سەر بە "سەرشیو"ی مەریوان، لە کردەوەی بێبەزەییانەی دژبەرانی ژینگە لە ئەماندا نەبوونە. 

ئەم کاولکارییانە لە کاتێکدایە کە بەردەوام ئەو کەسانە لەلایەن ژینگەپارێزانەوە هۆشدارییان پێ دەدرێت و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵکی کوردستان  و ژینگەپارێزان کرد کە کاولکارانی ژینگە لەقاو بدەن.