کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاولکارییەکانی ژینگەی کوردستان درێژەی هەیە

18:15 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کاولکاریی ژینگە و بە تاڵانبردنی دارستانەکانی کوردستان درێژەیان هەیە و ڕێژیمیش چاوپۆشی لێ دەکات.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران هیچ بایەخێک بە ئاوەدانی و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی کوردستان نەداوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا دەستی کردووە کاولکاریی ژینگە و بە تاڵانبردنی دارستانەکانی کوردستان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا،  کەسانێکی نەناسراو لە پارکی "شاهۆ"ـی شاری مەهاباد، کە لە قەراغی چۆمی ئەو شارەوە هەڵکەوتووە، دەستیان کردووە بە بڕین و بە تاڵانبردنی دارەکانی ئەو پاڕکە و شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو پاڕکەیان تێک داوە.

لەم پەیوەندییەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕایگەیاند، کە لە ماوەی یەک/دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کەسانێکی نەناسراو کە گومانی زۆر دەکرێت بە کرێگیراوی ڕێژیمی بن، دەستیان کردووە بە بڕینی دارەکانی کەنارەی بەنداوی شاری مەهاباد و زیاتر لە ۱۵ داریان بە داربڕی کارەبایی بڕیوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا و لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم، لە ناوچەکانی دەروبەری شاری پیرانشار و شوێنە جیاوازەکانی ناوچەی هەورامان، لە درێژەی بە تاڵانبردنی دارستانەکانی کوردستان، دارەکانی ئەو ناوچانەیان بڕی و بە ماشێنە بارهەڵگرەکان بۆ ناوچە نادیارەکانی دەرەوەی کوردستانیان گواستەوە.

جیا لەوەی کە ڕێژیم هیچ بایەخێک بە ژینگە لە ئێراندا و بەتایبەت ژینگەی کوردستان نادات، لە سەرەتای ساڵی نوێ هەتاوییەوە، مۆرە بەکرێگیراوەکانی ئەو ڕێژیمە، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەستیان کردووە بە کاولکاریی ژینگە و بە تاڵانبردنی دارستانەکانی کوردستان و بۆ ناوچەکانی تری دەرەوەی کوردستانی دەگوازنەوە.

وێڕای ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتی لە لایەن ڕێکخراو ژینگەپارێزییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ پێشگرتن بەو کاولکارییانە لە لایەن ڕێژیمەوە هەڵنەگیراوە.