کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "باسام مینبەری" ئەندامی حیزبی دێموکرات لە سنە کۆچی دوایی کرد

10:21 - 5 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسایەتی و ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "باسام مینبەری" خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

میرزا "باسام مینبەری" لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ١٣١٠ی هەتاوی لە گوندی "نییەر" لەدایک بووە. ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی بووەتە ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەوێڵ و باخی هەمیشە شوێنی حەسانەوەی تێکۆشەرانی حیزب بووە.

ناوبراو لە دوای شەڕێک لەپشت گوندی نییەر و کوژرانی پاسدارێک ، بە گومانی هاوکاریکردنی حیزبی دێموکرات کەوتووەتە بەر پەلاماری هێزە دژی گەلییەکانی ئێرانەوە و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە زیندان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە.

بۆ جارێکی تر میرزا "باسام" لە شەڕێکی هاوشێوەدا بەهۆی هاوکاریکردنی شەهید "حەسەن مینبەری" کەوتە ژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەڵام ناوبراو هیچکات نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ هێزە ئیتلاعاتییەکان نەدرکاندووە و دوژمنی بەچۆکدا هێناوە.

ئەو ئەندامە تێکۆشەرە کاسایەتییەکی خۆشناو، نیشتمانپەروەر و جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی گوندی "نییەر" و هەروەها ناوچەی ژاوەرۆی سنە بووە. ناوبراو هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی میرزا "باسام" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.