کاک "جەبار ئەمیری حوسێنی" مامۆستای قوتابخانەکانی دێولان، ئەندامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر لە شاری "دێولان" سەر بە پاریزگای سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک "جەبار" لە دەیەی ٧٠ی هەتاویدا هەم لە گوندی "حوسێنی" و هەم لە شاری "دێولان"، سەدان قوتابیی بە بیری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری پەروەردە کرد و خوشەویستی خەڵکی دێولان و ناوچەکە و کەسایەتییەکی ناوداری ئەو دەڤەرە بوو.
ناوبراو چ لە تەربییەت موعەلیم و چ لە زانکۆدا خوێندکارێکی نیشتمانپەروەر بوو و لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی زانکۆی سنەدا بەشداریی دەکرد.
ئەو مامۆستا نیشتمانپەروەرە لە ساڵەکانی ١٣٧٣ و ١٣٧٤ی هەتاویدا چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا و تەنانەت هەڕەشەی زیندانیکردنی لێ کرا، بەڵام ناوبراو هەرگیز پشتی لە ڕێبازی کوردایەتی نەکرد و تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی دوژمن نەبوو.
کاک "جەبار"، هەروەها ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕ لە یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بوو و لە هەموو ناڕەزایەتییەکانی سنە و مەریوان و دێولان بەشدار بووە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکرات، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "جەبار ئەمیری" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.