کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "حامید پاکار" ئەندامی حیزبی دێموکرات لە بۆکان کۆچی دوایی کرد

10:18 - 9 سەرماوەز 2720

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "حامید پاکار" کوڕی "مستەفا" و خەڵکی گوندی "حاجی ئاباد"ی ناوچەی ئاڵە‌شینی بۆکان بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "حامید" ئەندامێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو. لە پاییزی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی کاتێک پێشمەرگەکانی هێزی "١١٠ی بەیان" لە باخەکانی "حاجی ئاباد" مابوونەوە و دوژمن هێرشی کردبووە سەریان، ناوبراو بەهانای پێشمەرگەکانەوە چوو و هاوکاری و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە.

ئەو ئەندامە تێکۆشەرە لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی، وێڕای چەند هاوڕێی دیکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بۆکان دەسبەسەر و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کران. دواتر کاک "حامید" لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

ناوبراو پاش ئازادبوونی لە زیندان لێبڕاوانەتر لە جاران لەسەر ڕێبازی حیزبی دێموکرات پێداگر بووە و ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکان نەیتوانی کاک "حامید" بە چۆکدا بێنێت.

برایەکی کاک "حامید" بە ناوی کاک "بەهمەن پاکار" شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و گیانی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.

شەهید "بەهمەن" ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شەڕ دژی هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی ئێران لە جادەی "مەهاباد ــ بۆکان" لە نزیک گوندی "کولیجە" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

کاک "حامید" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "حامید" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.