ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "حەسەن تاهیری" کوڕی "عەلی وەیس"، خەڵکی گوندی "مەیدانە" سەر بە ناوچەی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی کەمپی "باریکە"، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سلێمانی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک "حەسەن" بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و عێراق ئاوارەی باشووری کوردستان ببوو. ناوبراو لە سەرەتای دەیەی ٦٠ی هەتاوی ببوو بە لایەنگری حیزب و دوای چەند ساڵ بە فەرمی بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکرات.
کاک "حەسەن" وەک ئەندامێکی هەڵسووڕ و چالاک و دڵسۆز ئەرکەکانی خۆی بەجێ دەگەیاند و هەر بەو هۆیەوە لەلایەن کۆمیتەی باریکەوە لەوحی ڕێزلێنانی پێ بەخشرابوو.
تەرمی ئەو ئەندامە تێکۆشەرە بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و جەماوەری خەڵکی کەمپی باریکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکرات، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "حەسەن تاهیری" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.