کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "حەسەن زەردۆیی" پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

16:15 - 4 بەفرانبار 2720

ڕێکەوتی ٢ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "حەسەن زەردۆیی" ئەندام و پیشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی ناوچەی باینگان و نیشتەجێی کرماشان، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

  کاک "حەسەن زەردۆیی"، پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ناوچەکانی "هەورامان" و "جوانڕۆ" بە هەستێکی نیشتمانپەروەرییەوە، شان بە شانی ئازادیخوازان دژی ڕێژیمی پاشایەتیی حەمەڕەزا شا خەباتی کردووە.

ناوبراو دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش، وەک تێکۆشەرێکی حیزبی دێموکرات بۆ بەرگری لە نیشتمانەکەی، چەکی پێشمەرگایەتیی هەڵگرتووە و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی "شاهۆ" لە ناوچەی "باینگان" خزمەتی بە ئامانجەکانی گەلەکەی کردووە. کاک "حەسەن" هەتا دواهەناسە بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.