کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "سابیر عەلیزادە" ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات لە سەردەشت کۆچی دوایی کرد

11:24 - 29 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "سابیر عەلیزادە"، خەڵکی سەردەشت، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "سابیر" ناسراو بە "سابیرئاغای سنجوێی ئالانی سەردەشت" لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە پلەی تەشکیلاتی وەکوو کادر و هەروەها مامۆستای شۆرش ئەرکە حیزبییەکانی چالاکانە بەڕێوە بردووە.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی، بەهۆکاری تایبەت و لە سەر ئیزنی حیزبی دێموکرات، گەڕاوەتەوە نێوخۆی وڵات و پاشان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٨ مانگ لە زیندان و لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە، بەڵام کاک "سابیر" قەت تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی دوژمن نەبووە.

ئەو ئەندامە دێرینە، کەسێکی خۆشەویست و جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی ناوچەی ئالان و شاری سەردەشت بووە و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "سابیر" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.