کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "عەبدوڵڵا ئیختیاری" شۆڕشگێڕێکی ساڵەکانی ٤٧ــ٤٦ کۆچی دوایی کرد

12:06 - 7 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "عەبدوڵڵا ئیختیاری"، خەڵکی گوندی "گوێزیلە"ی سەر بە شاری میراوێی سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی بووە بە ئەندامی حیزبی دێموکرات. لە شۆڕشی٤٧ــ٤٦دا بەهۆی هاوکاریکردنی حیزبی دێموکرات دەسبەسەر کرا و حوکمی ١٢ ساڵ زیندانیی لە زیندانی "جەڵدیان" بەسەردا سەپێندرا کە دواتر ئەو حوکمە بۆ ٧ ساڵ کەم کرایەوە. کاک "عەبدوڵڵا" لە ماوەی زیندانیکرانیدا لەژێر توندترین ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدا بووە.

دوای فتوای جیهادی خومەینی لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دژ بە کورد، کاک "عەبدوڵڵا" پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە کۆمیتەی شارستانی سەردەشت سازمان دراوە و ئەرکە حیزبییەکانی چالاکانە بەڕێوە بردووە.

دواتر کاک "عەبدوڵڵا" لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و هەر ئەرکێکی حیزبیی کە پێی دەسپێردرا دڵسۆزانە بەڕێوەی دەبرد و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "عەبدوڵڵا ئیختیاری" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.