کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "عەلی مەجیدی" لە وڵاتی "سوید" ماڵاوایی لە ژیان کرد

18:04 - 21 رەزبەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی "عەلی تۆبەکار" ناسراو بە "عەلی مەجیدی" خەڵکی شارۆچکەی "ڕەبەت" سەر بە شاری "سەردەشت" بەهۆی نەخۆشی لە وڵاتی "سوید" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک"عەلی" لە بنەماڵەیەکی ناسراو و خۆشناوی "ڕەبەت" لەدایک بووە و هەر لەوێش قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواو کردووە.

ناوبراو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی ڕووی لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان کردووە.

ناوبراو لە گۆڕەپانی توانا و چالاکییەکانی خۆیدا وەکوو وەستای جۆشکاری نموونەیی کاری کردووە و هەتا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئیران دژی حکوومەتی "محەممەد ڕەزا شا" دەستی لە خەبات نەکێشاوەتەوە و لە ڕێپێوانەکاندا دژی حکوومەتی سەڵتەنەتی "رەزا شا" بەشداریی چالاکانەی کردووە.

"عەلی تۆبەکار" هەر لە تەمەنی گەنجییەتیدا تووشی نەخۆشیی درێژماوە بووە و هەتا کۆتایی لەگەڵ ئەو نەخۆشییە دەست و ۆەنجەی نەرم کردووە. "تۆبەکار" سەرەڕای نەخۆشییەکەی بێ‌پسانەوە لەپێناو ژیانی سەربەرزانە تێکۆشاوە.

پاشان ساڵی ١٣٦٢ پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و لە هێزی شەهید "مینەشەم" سازمان دراوە. هەتا ساڵی ١٣٦٧ لە ناوچە وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و قارەمانی گۆرەپانی شەڕگەکان جێ پەنجەی دیار و بەرچاو بووە.

کاک "عەلی" لە سەرەتای ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییەوە شوێنی خەبات و تێکۆشانی بۆ دەوروبەری بنکە و بارەگانی دەفتەری سیاسی گواستووەتەوە و بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە بەشی خزمەتگوزاری ئەرکە حیزبییەکانی بە باشتریی شێوە بەڕێوە بردووە.

ناوبراو مرۆڤێکی بە توانا، داهێنەر،  وریا و قسەخۆش بوووە. بەهۆی نەخۆشییەکەی ساڵی ١٣٧٠ وازی لە خەباتی پێشمەرگانە هێنا و بە مەبەستی چارەسەری ڕووی لە وڵاتی "سوید" کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی بۆ کۆچی دوایی کاک "عەلی مەجیدی" سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.