ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ هەتاوی، کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بە ناوی کاک "عەلی کامکار" خەڵکی "نۆدشە"، لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک "عەلی" یەکێک لەو مامۆستایانە بووە کە لە ڕەوتی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی ڕۆڵێکی بەرچاو و کارای گێڕاوە و پاش هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش یەکێک لەو مامۆستایانە بووە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەهۆی دژایەتیکردنی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە چەندین جار دەسبەسەر کراوە و پاشان لەسەر کارەکەی دەر کراوە.
ناوبراو بە دەیان جار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە زیندانی و ئازار و ئەشکەنجە کراوە، بەڵام هیچ کات بەرانبەر بە داگیرکەرانی کوردستان ملکەچ نەبووە و هەمیشە یەکێک لەو کەسانە بووە کە بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی کوردستان وەفادار بووە.
کاک "عەلی" پەیوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ حیزبی دێموکرات بووە و چەندین جار سەردانی بنکەکانی حیزبی کردووە.
برایەکی ناوبراو بە ناوی "تۆفیق کامکار" یەکێک لە فەرماندەرانی شەهیدی حیزبی دێموکراتە کە لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە شەڕ دژی ڕێژیمی ئێران تێکەڵ بە کاروانی نەمران بووە.
تەرمی کاک "عەلی کامکار" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکرات سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.