کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "فەرهاد سمکۆ" کەسایەتیی خۆشناوی خەڵکی ورمێ کۆچی دوایی کرد

15:59 - 17 بەفرانبار 2720

ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بە ناوی کاک "فەرهاد سمکۆ"، کوڕی "باباخان سمکۆ" و نەوەی "سمکۆی شکاک"، ڕێبەری ناوداری کورد، خەڵکی گوندی "گەنگەچین"، بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە، لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "فەرهاد سمکۆ" کەسایەتییەکی خۆشناو و حیزبدۆست و بە دەرد و مەرگی خەڵکەوە بوو.

بەهۆی ئەوەیکە برایەکی ناوبراو بە ناوی "بێهزاد سمکۆ"، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، هەروەها کورێکی بە ناوی "هوومەن سمکۆ" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و لە دەرەوەی وڵات دەژی، بۆیە کاک "فەرهاد" زۆر جار کەوتووەتە ژێر هەڕەشە و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، بەڵام هیچکات تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران نەبوو.

ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە هەتا دوا ساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "فەرهاد سمکۆ" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.