ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "محەممەد تاهیر شێخبزێنی"، کوڕی حاجی "عەلی" و خەڵکی شاری شنۆ، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە شاری شنۆ لەدایک بووە. هەر لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و وەک کادری دەرمانی تا ساڵی ١٣٦٧ درێژەی بە خەباتی پێشمەرگانەی داوە.
کاک محەممەد تاهیر دواجار لە ساڵی ١٣٦٧ هەتا کاتی کۆچی دوایی لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووە و وەکوو ئەندامێکی دڵسۆز لە کۆمیتەی هەولێر درێژەی بە خەباتی سیاسی داوە.
ناوبراو هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ئەو ئەندامە دڵسۆزە لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری هەولێر بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "محەممەد تاهیر" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.