کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "محەممەد محەممەدی" ئەندامی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئید کۆچی دوایی کرد

13:00 - 25 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، مامۆستا "محەممەد محەممەدی (گۆمانی)"، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا، لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا لە وڵاتی سوئید ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مەلا "محەممەد" ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی "گۆمانیـ"ـی ناوچەی نەڵێنی ڕەبەت لەدایک بووە و لە تەمەنی ٧ ساڵیدا بۆ خوێندن نێردراوەتە حوجرەی فەقێیان و درێژەی بە خوێندنی فەقێیاتی داوە و هەر لەو شوێنەدا لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و کەسایەتیی شۆڕشگێڕ و دێموکرات ئاشنا بووە.

ناوبراو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە دەستی بە کاری وەرزێڕی کردووە. بەهۆی ئەوەی مامۆستا لە ناوچەیەک ژیانی کردووە کە هەستی نەتەوایەتی زۆر لە سەرەوە بووە و لەگەڵ لاوانی کوردستان بەردەوام لە خەبات دژی ستەمی نەتەوایەتیی ڕێژیمی پاشایەتی و دواتر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە خەبات و تێکۆشاندا بوون.

مامۆستا دواتر تێکەڵ بە کاروباری سیاسی بووە و لە ساڵی ١٣٤٢ هەتا ١٣٤٧ی هەتاوی وەک ئەندامێکی حیزب لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات دەستی کردووە بە تێکۆشانی سیاسی دژ بە دیکتاتۆریەتیی حەمەڕەزا شا. هەڵسووڕانی مەلا "محەممەد" لەو سەردەمەدا هێندە بەرچاو بووە کە لەلایەن ساواک و ئەرتش گیراوە و ڕەوانەی زیندانەکانی ئەو کاتی ڕێژیمی پاشایاتی کراوە.

مەلا "محەممەد" لە زینداندا لەگەڵ پۆلێک تێکۆشەری دیاری گەلەکەمان ئاشنا بووە و لەوێ زیاتر لەگەڵ مێژووی گەلەکەی و حیزبەکەی و هەروەها زوڵم و زۆری ڕێژیم لە خەڵکی کوردستان ئاشنا بووە.

دوای ئەوەیکە ماوەیەکی زۆر لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا بووە، دواتر لە دەرفەتێکدا توانیویەتی دەرگای زیندان بشکێنێت و خۆی لە زیندان ڕزگار بکات. مامۆستا لە ماوەی تەمەنیدا زۆر جار دەسبەسەر کراوە و زیندانیی درێژماوەی بەسەردا سەپێندراوە، ئەشکەنجە و ئازاری زۆری ژاندارم و جاشە خۆفرۆشەکانی چێشتووە، بەڵام قەت نەیانتوانیوە ئیرادە و ورە و بیروباوەڕی بە ڕێبازی شەهیدان و کۆمار تێک بشكینن.

مامۆستا لە تەواوی ژیانیدا چ وەک پێشمەرگە و چ وەک کادر لەسەر ڕێبازەکەی بەردەوام بووە و لە ماوەی ژیانی لە تاراوگەشدا تا کاتی کۆچی دوایی وەک ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی حیزبی لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکان دژ بە زوڵم و زۆرداریی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەشداریی کردووە.

لەگەڵ ڕاپەڕینی شۆڕشی گەلانی ئێران، ناوبراو بووەتە کەسێکی دیاری نێو کۆڕ و کۆبوونەوەکان و دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایاتی لە یەکەم پێشمەرگەکانی کۆمیتەی سەردەشت و ڕێکخراوی میراوێ بووە و لە دەورەی بەشی دادوەری و کۆمەڵایەتیدا بەشداریی کردووە و ساڵانێکی زۆر وەک کادر و پێشمەرگەی حیزب لە کۆمیتەکانی میراوێ و کۆمیتەی دم چۆم لە ناوچەدا خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە و لە چەندین شەڕی ناوچەی سەردەشتدا بەپێی توانای خۆی بەشداریی کردووە.

دوای ئەوەیکە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان و سەر سنوور ئاوەدان کرانەوە، مەلا "محەممەد" لە تەنیشت بنکەکانی حیزب ماڵی داناوە و لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێکی بنکەکان ماڵی مەلا محەممەدیش ئاڵۆگوڕی بەسەردا هاتووە و دواتر لە شاری ڕانیەی هەرێمی کوردستان گیرسایەوە و خەریکی کار و کاسبی بووە و ئەرکی ئەندامەتیی خۆی بەچاکی بەڕێوە بردووە و ماڵ و دووکانی بووەتە شوێنی بەیەکگەیشتنی خەڵک و کادرەکانی حیزب.

مەلا "محەممەد" لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەدی زایینی لە ڕێگای یوئێنەوە لە وڵاتی سوئید وەرگیراوە و لەوێشەوە وێڕای سەدان کەسی دیکە وەک ئەندامی حیزب خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە و لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی حیزبیدا بەشداریی کردووە.

ئەو ئەندامە دڵسۆزە هەتا دواساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید ئەرکی ئەندامەتیی خۆی بەجێ گەیاندووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری مەلا "محەممەد محەممەدی" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.