ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک "محەممەد مەولوودی" ناسراو بە "محەممەد خەجێ"، باوکی "شەهید "ڕەحمان مەولوودی" و خەڵکی گوندی "نجنێـ"ـی بانە، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک محەممەد پیاوێکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر و جێگای ڕێز و حورمەتی خەڵکی ناوچەکە بووە و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەیەوە دەکرد.
شەهید "ڕەحمان مەولوودی"، ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی "نجنێی خوارەوە" سەر بە بانە لەدایک بووە.
ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگری لە خاک و گەلەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.
شەهید ڕەحمان لە مەتەرێزی خەبات و لە پلەی تەشکیلاتیدا توانیویەتی ببێت بە کادری دەرەجە ٤ و پێئەسپێردراوە حیزبییەکانی بوێرانە بەڕێوە ببات.
دەرەنجام ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ١٣٦٢ی هەتاویدا، لە هێزی "ئاربابا" و لە شوێنێک بە ناوی "نیروان"، بەهۆی تۆپبارانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە شەهید و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتان بوو.
کاک محەممەد، هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆڕی ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان، ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک محەممەد دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.