کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "محەممەد نیروومەند" پێشمەرگەی دێرین لە شنۆ کۆچی دوایی کرد

13:42 - 20 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "محەممەد نیروومەند" پێشمەرگەی دێرین، خەڵکی شنۆ دوای تەمەنێک سەربەرزانە، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە ماڵاوایی لە زێد و نیشتمانەکەی کرد.

کاک "محەممەد"، ناسراو بە "محەممەده لاڵ" دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، بۆ بەرگریکردن لە خاک و گەلەکەی، چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.

ناوبراو لە مەتەرێزی خەباتدا، پێشمەرگەیەکی ئازا و بەجەرگ بووە و چالاکانە ئەرکە حیزبییەکانی بەڕێوە بردووە.

ئەو پێشمەرگە دێرینە، خۆشەویستی خەڵکی شنۆ و گوندەکانی دەورووبەری بووە و هەتا دواهەناسەی ژیانی، بە ئارمان و ئامانجە بەرز و مرۆڤتەوەرەکانی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "محەممەد" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.