کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "محەممەد ڕەسووڵی" پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە سەردەشت کۆچی دوایی کرد

18:04 - 26 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "محەممەد ڕەسووڵی" خەڵکی سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "محەممەد" ناسراو بە "محەممەدی ئەحمەدەسووری سنجوێ" پێشمەرگە و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات، ماوەی ٦ ساڵ لە ڕێزەکانی خەباتدا پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە. دواتر لە گوندی خۆی و لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکی حیزبیدا بە دیل گیراوە و پاش دوو ساڵ زیندانی، ئازاد کراوە.

ئازار و ئەشکەنجەکانی دوژمن، نە‌تەنیا نەیتوانی ورەی بەرزی کاک "محەممەد" لە زینداندا بڕووخێنێت بەڵکوو ناوبراو دوای ئازادکرانی، لە دڵسۆزی و هاوکاری و خۆشەویستیی پێشمەرگە و حیزبدا لێبڕاوانەتر لە جاران پێداگر بووە.

کاک "محەممەد" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "محەممەد" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.