کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "مستەفا محەممەدی" باوکی شەهید "ئەحمەد محەممەدی" کۆچی دوایی کرد

13:01 - 3 رەشەمه 2720

ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "مستەفا محەممەدی"، ناسراو بە "فەقێ مستەفا"، باوکی شەهید "ئەحمەد محەممەدی" و خەڵکی گوندی "بێژوێ" سەر بە ئالانی سەردەشت، دوای تەمەنێک سەربەرزانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

فەقێ مستەفا، کەسێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەردەم شانازیی بە ڕێبازی رۆڵە شەهیدەکەی کردووە.

شەهید "ئەحمەد محەممەدی"، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە سەردەشت لەدایک بووە.

دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.

دەرەنجام شەهید "ئەحمەد"، لە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕی ١٣٦٤ی هەتاوی و لە تێکەڵچونێکدا دژی ڕێژیمی ئێران، لە شوێنێک بە ناوی "پردی ئەسپەمێزە"، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

فەقێ مستەفا، هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری فەقێ مستەفا دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.