کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "نەچەلیک هەنارە" کەسایەتیی خۆشناوی خەڵکی ورمێ کۆچی دوایی کرد

10:00 - 3 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "نەچەلیک هەنارە"، خەڵکی گوندی "مەلوونە"ی ناوچەی برادۆستی ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "نەچەلیک" لە ساڵەکانی ٤٧ــ٤٦ی هەتاوی چالاکی و تێکۆشانی هەبووە. ناوبراو دوای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام بووە لە خزمەتکردن بە حیزبی دێموکرات و وەکوو ئەندام ئەرکە پێسپێردراوەکانی جێبەجێ کردووە.

ئەو کەسایەتییە حیزبدۆستە زۆر جار لەلایەن ڕێژیمەوە لەژێر گوشار و ئازار و ئەشکەنجەدا بووە، بەڵام هیچ کات تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی دوژمن نەبووە و لێبڕواونەتر لە جاران، لەسەر ئامانج و ڕێبازی حیزبەکەی پێداگر بووە.

کاک "نەچەلیک" لە ماوەی ژیانی سەربەرزانەیدا چەندین جار سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کردووە. هەروەها لەگەڵ کاک "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات چاوپێکەوتنی هەبووە و کەسێکی جێگای باوەڕ و متمانەی حیزبی دێموکرات بووە.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "نەچەلیک" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.