کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "وەهاب مینبەری" ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە سنە کۆچی دوایی کرد

12:50 - 11 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ۱۳۹۹ی هەتاوی، کەسایەتی و ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "وەهاب مینبەری" کوڕی "عەباس" و خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "وەهاب مینبەری" لە ڕێکەوتی ۹ی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳۳۳ی هەتاوی لە گوندی "نییەر" لەدایک بووە، ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی بووەتە ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکرات و هەتا دواساتەکانی ژیانی لەو ڕێبازەدا مایەوە و ماڵ و باخاتی ناوبراو هەمیشە شوێنی حەسانەوەی تێکۆشەرانی دیمۆکرات بووە .

ئەو ئەندامە تێکۆشەرە کەسایەتییەکی خۆشناو، نیشتمانپەروەر و جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی گوندی "نییەر" و هەروەها ناوچەی ژاوەرۆی سنە بووە.

ناوبراو هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە و لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "وەهاب" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.