ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "ڕەسووڵ نوورانی" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی گوندی "بەسرێـ"ـی مەهاباد، دوای تەمەنێکی سەربەرزانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
سەید "ڕەسووڵ" ناسراو بە "مامەڕەش" ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی حیزبی و نیشتمانپەروەر لەدایک بووە و بەشداریی چالاکانەی لە بزووتنەوەی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەبووە، بە جۆرێک کە ماڵیان هەمیشە شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە بووە.
سەید "ڕەسووڵ" بۆ چەند جار لە ساڵەکانی ٦٠، ٦٢ و ٧٢ی هەتاوی بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵ لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ژووری تاکەکەسیدا لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی تونددا بووە. ناوبراو دوای ئازادکرانی بەهۆی هەڕەشە و گوشارەکانی ڕێژیم ناچار کرا کە گوندی "بەسرێ" بەجێ بهێڵێت.
ئەو ئەندامە بەوەجە لە هەر کۆبوونەوە و شوێنێکدا خەڵکی بۆ تێکۆشان و پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی حیزب و ڕاسانەوە هان دەدا و هیوایەکی زۆری بە سەرکەوتنی "ڕاسانـ"ـەوە هەڵچنیبوو. تەرمی ناوبراو لە مەهاباد بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری سەید "ڕەسووڵ" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.