کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "کەریم بەرایی" کەسایەتیی نیشتمانپەروەری ناوچەی هەوشار کۆچی دوایی کرد

12:09 - 20 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بە ناوی کاک "کەریم بەرایی" کوڕی سۆفی "حەمەشەریف" و خەڵکی گوندی "خەزایی" سەر بە ناوچەی هەوشار، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "کەریم" مرۆڤێکی حیزبدۆست، دڵسۆز و خۆشناوی ناوچەی هەوشار بوو.

ناوبراو لە ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوی بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتەوە زۆر جار کەوتووەتە ژێر گوشار و ئازار و ئەشکەنجە کراوە و داوای لێ کراوە کە بە دژی حیزبی دێموکرات چەک هەڵبگرێت، بەڵام ناوبراو قەت تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی دوژمن نەبووە و هەتا دواهەناسەی ژیانی بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی، ماڵەکەی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە داگیر کرا و ویستیان بیکەن بە پایەگا، بەڵام کاک "کەریم" ڕێگریی لەم هەوڵەی دوژمن کردووە و لەم پیلانەشدا ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر هەڵوێستی جوامێرانەی کاک "کەریم" بە چۆکدا هات. هەر ئەمەش وای کرد کە ناوبراو زۆرتر لە جاران ببێتە خۆشەویستی خەڵکەکەی و ببێتە کەسێکی جێگای متمانە و پشتی پێ ببەستن.

تەرمی ئەو کەسایەتییە حیزبدۆستە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری "سایین قەڵا" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکرات، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "کەریم بەرایی" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.