کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "ئێحسان بیچمیلی" پێشمەرگەی دێرین لە سوید کۆچی دوایی کرد

10:14 - 7 رێبەندان 2720

ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "ئێحسان بیچمیلی"، پێشمەرگەی دێرین خەڵکی ئامەدی کوردستانی باکووری و نیشتەجێی وڵاتی سوید، لە تەمەنی ٧٩ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک "ئێحسان" هەر لە تەمەنی لاویەتیدا پەڕیوەی هەندەران بووە و لە پێشدا لە وڵاتی ئاڵمان و دواتر لە وڵاتی سويد گیرساوەتەوە. هەر لە سويد لەگەڵ ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو ئاشنا بووە.

دوای دەستپێکردنی شەڕی کۆماری ئيسلامیی ئێران لە دژی خەڵکی کوردستان، پێوەندی بە دوکتور قاسملوو گرتووە و داوای لێ دەکا ڕێنوێنی و هاوکاریی بکا بۆ ئەوەی بێتەوە کوردستانی ڕۆژهەڵات و شان بە شانی تێکۆشەرانی دێموکرات بەشداری خەبات و تێکۆشان بێت.

کاک "ئێحسان" لە سەر ڕێنوێنیی دوکتور قاسملوو هەر بە پاسپۆرتە سويدییەکەی بە فڕۆکە چووەتە تاران و لەوێشەوە خۆی گەیاندووەتە شاری بۆکان کە هێشتا بە دەست هێزی پێشمەرگەوە بوو. دواتر چووەتە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە "شیوەجۆ".

 لە بنکەی دەفتەری سیاسیدا، دڵسۆزانە قۆڵی لە خزمەت و ڕاپەراندنی ئەرکی حیزبی هەڵماڵیوە؛  بەڵام ناوبراو، هەر بە ئەوەندە قەناعەتی نەدەکرد و هەر جارێک کە کاتی بوایەت و دەستی بە تاڵ بوایەت، هاوکاریی هاوڕێیانی دیکەی دەکرد؛ هاوکاریی کادرەکانی ڕادیۆ و چاپەمەنی دەکرد، بە کامێراکەی وێنەی دیمەنەکانی ژیان و خەباتی هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانی دەگرت. بە کورتی کاک "ئێحسانـ"ـی دڵپاک و ڕووخۆش و نیشتمانپەروەر، ماندووبوونی نەدەناسی.

دوای جێگیربوونی بنکەی دەفتەری سیاسی لە سنوورەکانی باشووری کوردستان، کاک "ئێحسان" گەڕایەوە بۆ دەرەوەی وڵات. بە ڕاسپاردەی دوکتور قاسملوو، کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە و ئەندامانی حیزب، پێوەندییان لەگەڵ کاک "ئێحسان" نوێ کردەوە. ئەم پێوەندییە و هۆگرییەی کاک "ئێحسان" بە حیزبی دێموکرات و خەباتی تێکۆشەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەتا کۆتایی تەمەنی، هەر درێژەی هەبوو.

دوایی بەهۆی چوونەسەرەوەی تەمەن و لە سەر داوای حیزبی دێموکرات گەڕایەوە بۆ نێو ماڵ و منداڵی لە سوید. کاک "ئێحسان" ئەوەندەی لە توانادا بووە، لە کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ستۆکهۆڵم بەشداریی بەرچاوی هەبوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.