کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "ئەحمەد ئازەرئەفشان" ئەندامی حیزبی دێموکرات لە ورمێ کۆچی دوایی کرد

11:26 - 3 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "ئەحمەد ئازەرئەفشان" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتیی ناسراوی ناوچەی "دۆڵـ"ـی سەر بە ورمێ، دوای تەمەنێکی سەربەرزانە، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "ئەحمەد ئازەرئەفشان" ناسراو بە "ئەحمەدی مام ڕەسوو" ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی لە گوندی "گرکەگوور"ی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ لەدایک بووە و دواتر ڕوویان کردووەتە ناوچەی دۆڵ سەر بە ورمێ و لە گوندی "دەلۆ" نیشتەجێ بوونە.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی حیزبی دێموکرات، کاک ئەحمەد وەکوو ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکرات سازمان دراوە. ناوبراو بەهۆی ئەوەیکە برایەکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە زۆر جار لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانەوە کەوتووەتە بەر زەبر و زەنگ.

کاک "ئەحمەد" ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی وێڕای دوو برای دیکەی دەچنە نێو ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و هەتا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی وەکوو پێشمەرگە لە هێزی شەهید "سمکۆ" خەبات و تێکۆشانی هەبووە.

لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی کاک "ئەحمەد" بەهۆی بەساڵاچووییەوە لەسەر داوای حیزبی دێموکرات گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و ئەمجارە وەکوو ئەندامی نهێنی، درێژەی بە کار و چالاکییە حیزبییەکانی داوە.

ئەو ئەندامە تێکۆشەرە دوای چوونەوەی بۆ نێوخۆ بەردەوام لەژێر زەخت و ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمدا بووە و هەر بەو هۆیەشەوە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بووە.

کاک "ئەحمەد" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە گوندی "دۆڵ" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "ئەحمەد" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.