کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "ئەحمەد محەممەدی" پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکرات کوچی دوایی کرد

12:14 - 3 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "‌ئەحمەد محەممەدی" ناسراو بە "ئەحمەد دەروێش" کوڕی "دەروێش محەممەد" و خەڵکی گوندی "کانی ڕەشـ"ـی شنۆ بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. هەر لەو ڕووداوەدا کوڕێکی کاک "ئەحمەد" بە ناوی "حەیدەر محەممەدی" گیانی لەدەست داوە.

کاک "ئەحمەد" ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر لەدایک بووە. ناوبراو دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بووە بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەرکە حیزبییەکانی چالاکانە بەڕێوە دەبرد.

کاک "ئەحمەد" لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا، بەهۆی یارمەتیدانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب کەوتووەتە ژێر چاوەدێریی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران و چەندین جار بانگهێشتی ئیتلاعات کراوە. ئەو ئەندامە بەجەرگە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و لە زیندانی ورمێ بەتوندی ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەیی کراوە، بەڵام هیچ کات نهێنییەکانی حیزبی ئاشکرا نەکرد و دوژمن لە ئاست ئیرادەی ناوبراو بەچۆکدا هات.

کاک "ئەحمەد محەممەدی" هاوینی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە هێزی "کێلەشین" سازمان دراوە. ناوبراو لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا پێشمەرگەیەکی چالاک، چاونەترس و متمانەپێکراوی حیزب بووە.

ئەو پێشمەرگە دێرینە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و ئەمجارە وەکوو تەشکیلاتی نهێنیی حیزب، ئەرکە پێ سپێردراوەکانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە جێبەجێ دەکرد.

تەرمی ئەو ئەندامە تێکۆشەرە وێڕای جگەرگۆشەکەی لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "ئەحمەد" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.