کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎کاک "ئەنوەر ڕەشەهەورامی" تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری خەڵکی مەریوان کۆچی دوایی کرد

10:55 - 2 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "ئەنوەر فەتاحی" ناسراو بە "ئەنوەر ڕەشەهەورامی"، خەڵکی گوندی "کەڕاوا"ی مەریوان دوای تەمەنێکی سەربەرزانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

‎کاک "ئەنوەر فەتاحی" ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی "کەڕاوا"ی ناوچەی شامیانی مەریوان لە بنەماڵەی نیشتمانپەروەری ڕەشەهەورامی لەدایک بووە. هەر لە سەردەمی ڕێژیمی پاشاییەتی و بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی باوكی دژی ڕێژیمی پاشایەتی، ناچار بوونە ڕێگای باشووری کوردستان بگرنە بەر و بۆ ماوەی چەند ساڵ لە باشووری کوردستان نیشتەجێ ببن.

پاش گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات لە گوندێکی دوور لە دەسەڵاتی زاڵی ڕێژیمی ئەوکاتی ئێران بە ناوی "نجێ" نیشتەجێ بوونە و بۆ ماوەی چەند ساڵ لەوێ ژیاون. دواتر کە گەڕاونەتەوە بۆ مەریوان و دوای تەواوکردنی خۆیندنی سەرەتایی بووەتە یارمەتیدەری باوكی.

‎لە سەرەتای شۆڕشی بەتاڵانبراوی گەلانی ئێران و دوای هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ کوردستان، کاک "ئەنوەر" و بنەماڵەکەی ئاوارەی گوندەکان بوون و بۆ ماوەی ساڵێک بە شێوەی نهێنی لە گوندەکانی ناوچەی شامیان ژیاون. سەرەڕای ئەوەی برا و خوشکەکانی وەک پێشمەرگە لە ڕیزەکانی حیزبی دیمۆکراتدا خەباتیان دەکرد، خۆیشی وەک ئەندامی تەشكیلاتی نھێنیی حیزب لە مەریوان بەشدار و لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، بە شێوەی ڕێكخراو چووەتە ڕیزی تێكۆشەرانی نێوخۆی وڵات و لە دۆخی سەختی ئەوکاتدا ئەرکە نهێنییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە.

لە ٧ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ی هەتاوی برایەکی کاک "ئەنوەر" بە ناوی "ناسر فەتاحی" لە شەڕ دژی داگیرکەرانی کوردستان شەهید کرا و شەهیدکرانی ئەو بووە بە گڕ و تینێکی زۆرتر بۆ خەباتکردن لەپێناو ڕزگاریی نیشتماندا.

‎کاک "ئەنوەر" چەند جار و بۆ ماوەی چەند مانگ لەلایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە گیراوە و ئەشکەنجە کراوە، بەڵام هەموو جار دوای ئازادبوونی بە ورەیەکی بەرزتر درێژەی بە کار و چالاکییە ئاشکرا و نهێنییەکانی داوە. دواجار لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی خۆی و چەند هاوڕێیەکی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە گیراون و بۆ ماوەی شەش مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سپای مەریوان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی شاری سنە و ئەوجار بەگشتی یەک ساڵ لە بەندیخانە بووە.

جێگای ئەشکەنجە و برینەکانی کاک ئەنوەر لەسەر پشت و تەنانەت زاریشی دیار بووە، بەڵام ئەو بە دڵفراوانییەوە دەیوت کە خەبات تا ڕزگاریی کوردستان هەر بەردەوام دەبێت.

 لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٣٧٦ی هەتاوی، برایەکی دیکەی کاک "ئەنوەر" بە ناوی كاک "مەنسوور فەتاحی" ناسراو بە "مەنسوور ڕەشەهەورامی" شەهید کرا و دیسان زامی شەهید "ناسر" نوێ بووەتەوە و بورکانێکی دیکەی گڕ و قین دژی داگیرکەران لە دڵی کاک "ئەنوەر" و بنەماڵەی فەتاحی دروست بوو.

کاک ئەنوەر ئیتر ترسی لە ئازار و ئەشکەنجە نەمابوو و بیر و ڕای خۆی لەنێو کۆڕ و کۆبوونەوەكاندا بە ڕاشكاوی باس دەکرد و پشتیوانیی لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات دەکرد و خەڵکی مەریوان و ناوچەکەش بە ڕوونی ئاگاداری بیر و بۆچوونەکانی کاک ئەنوەر بوون.

‎لە بواری کۆمەڵایەتیدا کاک "ئەنوەر" مرۆڤێکی خۆشناو و جێگای متمانەی دۆستان و بەگشتی دانیشتووانی ناوچەكە بووە و بە ھەموو شێوەیەک بەشداری خەم و خۆشیی خەڵک بووە. ڕۆح سووکی، خەمخۆری و ھەبوونی پێگەی بنەماڵەی نیشتمانپەروەری ڕەشەهەورامی، کاک "ئەنوەر"ی کردبووە خۆشەویستی شاری مەریوان و ناوچەی شامیان.  

تەرمی ئەو تێکۆشەرە نیشتمانپەروەرە لە مەریوان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "ئەنوەر" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.