کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاکۆ ئیرادەی ڕاسان لە شار و شاخ، گەیشتە سنە

17:10 - 16 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: کتێبی "کاکۆ، ئیرادەی ڕاسان لە شار و شاخ"، بە دەستی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری سنەدا بە شێوەی سی دی بڵاو کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، خاکیپۆشانی مەتەرێزی شار لە سنە، پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی "کاکۆ، ئیرادەی ڕاسان لە شار و شاخ"، لە کۆکراوەی "شەریف فەلاح"، بە هێمای ئەمەگداری و ڕێزگرتن لە ڕێبازی کاکۆی خاکیپۆش و یادی حەماسەی کۆساڵان، ئەو کتێبەیان بە شێوەی "سی دی"، بڵاو کردەوە.

ئەو شوێنانەی کە ئەو کتێبەی لێ بڵاو کرایەوە بریتین لە: "تازاوا، قەتارچیان، دەفتەر فەنی، بلوار کوردستان، بەردەشت، نبوەت، ژاندارمێری، ئاغەزەمان و سپوورئاوا".

شەهید "کاوه جەوانمەرد"، کوڕی شەهید "نەجمەدین جەوانمەرد"، ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی لە ڕێگای هاوڕێیانی تەشکیلاتی ناوشاری سنەوە، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرت. ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بەهۆی ئاشکرابوونی چالاکییەکانی، خۆی گەیاندە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و پاش بەشداری لە دەورەی ١٩٣ی سەرەتایی پێشمەرگە، لە بەهاری ١٣٨٩ی هەتاوی، بە فەرمی بەرگی پڕ لە شانازیی پێشمەرگایەتیی پۆشی.

 بەهۆی لێوەشاوەییەوە لە کۆنگرەی ١٥ی حیزبدا، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. پاش بوونی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ئەرکی بەرپرسایەتیی "تیشک تی ویـ"ی لە کوردستان وەئەستۆ گرت و خزمەتێکی شایانی لەو بوارەدا ئەنجام دا. لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرپرسایەتیی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی پێ ئەسپێردرا و لەو ئەرکەشدا شیاویی خۆی نیشان دا.

بەداخەوە ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە گوندی بۆڕیەر، لەگەڵ هاوسەنگەرەکەی، شەهید "سەرکەوت سەمەدی"، شەهید کرا.