کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاڵا جێگای پارە دەگرێتەوە

11:53 - 26 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران بە مەبەستی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا بەفەرمی باسی لەوە کردووە کە بە جێگای نەوت, کاڵا هاوردە دەکەین.

وەزارەتی کاروباری ئابووریی و دارایی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ڕۆحانی پێشنووسێکی ئامادە کردووە کە بەپێی ئەو پێشنووسە لە ئێراندا هەندێک شیرکەت دابمەزرێن کە بتوانن لەگەڵ شیرکەتە بیانییەکان مامەڵەی کاڵا بە کاڵا بکەن.

لەو بارەیەوە "لاهووتی" ئەندامی هەیئەتی نوێنەرانی ژووری بازرگانیی تاران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "مێهر"ی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە ئێمە بۆیە ئەو بڕیارەمان داوە کە ئامریکا بەربەستی زۆری لە بواری بازرگانییەوە بۆ ئێمە پێکهێناوە.

مانگی ڕەزبەری ئەمساڵیش دوو نوێنەری سێنای فەرانسە، لە دوای پەسندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان و لە ترسی سزاکانی ئامریکا بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان پێشنیاریان کرد کە فەڕانسە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کاڵا بە نەوت بگۆڕێتەوە.

هاوکات "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران گوتبووی کە، ئێمە به هۆی گۆشارەکانی ئامریکاوە جۆری هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئورووپا ئاشكرا ناکەین و ڕێوشوێنی ئێمە بۆ مامەڵەی نەوت لە بەرانبەر کاڵادا لەگەڵ ئورووپاییەکان، بە مانای گۆڕینەوەی نەوت بە خۆراک نییه.

وڵاتانی ئورووپایی بە مەبەستی خۆدەربازکردن لە سزاکانی ئامریکا، لە ئەگەری مامەڵە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە بەرانبەر کڕینی نەوتی ئەو ڕێژیمە کەرەستەی پێویست و خواردەمەنی پێ بدەن.