کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی "زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب" چاپ و بڵاو کرایەوە

17:32 - 31 خەرمانان 2721

کتێبی "زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب" کە تێکۆشان و بەرهەمەکانی مامۆستا ''عەبدولڕەحمانی زەبیحی'' لەخۆ دەگرێت لە کۆکردنەوە و لێکۆڵێنەوەی''فەرەیدون حەکیم‌ زادە‌'' چاپ بڵاوکراویەوە.

''حەکیم‌ زادە'' هەوڵ و بەدواداچوونی چەندین ساڵەی خۆی لە هەمبەر ''عەبدولڕەحمان زەبیحی'' لەو کتێبەدا گە‌یاندووەتە سە‌رئە‌نجام و پێشکەشی کتێبخانەی کوردیی کردووە.

ئەم کتێبه هە‌شت بە‌ش لەخۆ دەگرێت کە لەو هەشت بەشەدا وتارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەدەبی، زانستی، فەرهەنگی و زمانەوانییەکانی "زەبیحی" تێدایە.

لە بەشەکان تری ئەو کتێبە  وتووێژەکان، بەڵگەنامەکان و ڕاوبۆچوونی هەندێک لە کەسایەتییەکانی کورد سەبارەت بە "زەبیحی" تێدا هەیە.

''فەرەیدون حەکیم ‌زادە‌'' ئەو کتێبەی بە هە‌نگاوێک بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نەناساندن و پە‌راوێزخستنی کەسایەتی هە‌ڵکە‌وتە و تێکۆشەری کورد ''عەبدولڕەحمان زەبیحی'' وەسف کردووە.

''عەبدولڕەحمان زەبیحی'' یەکێک لەو کەسایەتییە ناودارانەی کوردە کە تاکوو ئێستا بە کەمی ئاوڕ لە ژیان و تێکۆشان و بەرهەمەکانی دراوەتەوە.

زەبیحی لە ساڵی ١٢٩٩ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووه. لە تەمەنی لاویەتیدا ڕێکخراوی کۆمەڵەی ''ژێ.کاف'' لەسەر دەستی ئەو و چەندین کەسایەتی تر دادەمەزرێت.

زەبیحی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕووداوە گرینگەکانی ناوچە و کوردستاندا هە‌بووە و لە کاتی پەڕیوەبوونی بۆ کوردستانی باشوور سە‌رەڕای گرینگیدان بە زمان و کولتوور، درێژە بە چالاکییەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆی دەدا.

''فەرەیدون حەکیم ‌زاده'' ساڵی ۱۳۴۷ی هه‌تاوی لە شاری سەردەشت لەدایک بووه. له ساڵی ۱۳۷۸ی هه‌تاوی  لیسانی زانستی په‌روەردەیی وەرگرتووە. ناوبراو لە ساڵی ۱۳۷۰ی هه‌تاوییەوە دەستی کردووە بە چالاکی فەرهەنگی و نووسین و دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کراوەتەوە کە بریتین لە: ''دڕک و داڵی ئەلجەزایر ، ناوی جوانی کوردی، ساوجبلاغی موکری، سێ پیاوی سەیر و سەمەر،  ویلهێلم لیتن لە کوردستان ۱۹۱۵،  هەژار لە لووتکەدا،  بەرهەمەکانم؛ کۆی وتارەکانی نووسەر تا ساڵی ۱۳۹۴ی هەتاوی، سردشت در آینه‌ی اسناد تاریخی و مهاباد در آینەی اسناد تاریخی''.