کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی "فمنیسم، زشت و زیبا" ڕوونوێنی لێ کرا

10:59 - 18 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کۆڕی ڕوونوێنی لە کتێبی "فمنیسم؛ زشت و زیبا"، لە نووسینی محەممەدجەماڵەدین ‌واژی لە کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ۱۷ی ڕەشەمە، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژنان و پیاوانی تامەزرۆی کتێب و خوێندنەوە، کۆڕێک بۆ ڕوونوێنی لە کتێبی "فمنیسم؛ زشت و زیبا"، لە نووسینی "محەممەدجەماڵەدین واژی" بەڕێوە چوو، ئەم کۆڕە یەکەم کۆڕی لەو چەشنە بوو کە لە کافە کتێبی ئەندێشە (پیرانشار) پێک هات.

کۆڕەکە بە بەخێرهێنانی ئامادەبووان، پیرۆزبایی ڕۆژی ٨ی ماڕس و خوێندنەوەی ڕیزی بەرنامەکان دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی کافە کتێبی ئەندێشە پێشکەش کرا. لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی ٨ی ماڕس و ئاماژە بە گرینگیی هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆڕ و کۆبونەوە لەسەر پرسی ژنان بە بەشداریی کەسانی پسپۆڕ و ئاکادیمی بۆ ئاشناکردنی ژنان بە مافەکانیان و پێگەیاندنیان لە بوارە جۆراوجۆرەکان درا.

لە درێژەی پەیامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە گوتار و دونیابینیی مەدەنی و دێموکراتیکی ناوەندی ئەندێشە و هەروەرتر ئەرک و ڕەساڵەتە ڕووناکبیرییەکانی ئەو ناوەندە، جەخت کرایەوە لەسەر هەوڵدان بۆ پێکهێنانی پانتاییەکی گشتی لە پێناو ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ دیالۆگ، گۆڕینەوەی ڕا و ئەندێشەی جیاواز و لە ئاکامدا تەفاهوم و لێکتێگەیشتن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا، ئاماژە بەو ڕاستییە کرا کە بنکەی ئەندێشە، کۆمەڵگای کوردی بەگشتی و پیرانشار بەتایبەتی، بە خاوەن پێکهاتەیەکی فرەچەشن و مینیاتۆری دەبینێت و بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ "پرس و ڕەنجی هاوبەشـ"ـی کۆمەڵایەتی، کولتوری، مەدەنی و هتد... دەرگای دیالۆگ و بەرهەڤدان بەرەو ڕووی ڕەوتە جیاوازەکان دەکاتەوە و رێگە بۆ "ئیمکانـ"ـی هاوهەڵوێستی و هاوکاریی سەبارەت بە "پرسە هاوبەشەکان" خۆش دەکات. کەوابێت پێکهێنانی ئەو کۆڕەش لەو پێناوەدا خوێندنەوەی بۆ کرا.

دواتر لە مامۆستا جەماڵ واژی بۆ نووسین و لە چاپدانی کتێبەکە پیرۆزبایی کرا و لەو ڕوانگەوە کە بەڕێزی وەک هەڵکەوتەیەک لە نێو مامۆستایانی ئایینی، باسێکی گرینگ و هەستیاری فێمێنیسمی وەک سووژەی یەکەم بەرهەمی نووسراوی خۆی هەڵبژاردووە، بەرز نرخێندرا.

دواتر لە بڕگەی دووهەمی بەرنامەکەدا، پەخشانێک لەسەر ساڵیادی ۱۷ی ڕەشەمە، لە لایەن بەڕێز مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکە، مامۆستا یوونس نەوخا، باسێکی لەسەر فێمێنیسم لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکان و مافەکانی ژن لە ئایینی ئیسلامدا پێشکەش کرد و چەند بەش لە کتێبەکەی خستە بەرباس.

دواتر بەڕێز ئەنوەر ڕەستگار، پەخشانێکی تایبەت بە ڕۆژی ٨ی ماڕس و ژنانی کورد پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

دوابەدوای ئەو پەخشانە، نووسەر(محەممەدجەماڵەدین واژی) وێڕای سپاسی کافەکتێبی ئەندێشە بۆ پێکهێنانی کۆڕەکە، ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری ژنان بەتایبەت ژنانی ستەملێکراوی کورد کرد و چۆنیەتی سازبوونی بیرۆکەی خوێندنەوەی هەمەلایەنەی هەموو مەکتەبە فکرییەکان لەسەر ئەو بابەتە و دواتر نووسینی کتێبێک سەبارەت بە فێمێنیسمی باس کرد.

لە درێژەدا هاوکات لەگەڵ باسکردن لە پێکهاتە و نێوەڕۆکی کتێبەکە، نووسەر ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای وەدەستخستنی مافەکانی ژنان لە کۆمەڵگای کوردەواری بەپێی نەریتەکانی تایبەت بە خۆی و هەروەتر چۆنیەتی مامەڵەی ئایینی ئیسلام لەگەڵ دۆزی ژنان باس کرد. بەڕێز واژی بە ئاماژەدان بەو ڕاستییە کە کۆمەڵگای کوردی لە قۆناغی گواستنەوە لە سونەتەوە بەرەو مۆدێڕنیتەیە، بە خەسارناسی ڕەوتی مۆدێرنیزاسیۆن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی، هەڵسەنگاندنێکی لە نێوان دۆخی ئازادیی ژنان و دەستەبەربوونی مافەکانیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و وڵاتی جیهانی سێهەم (بەتایبەت وڵاتانی موسوڵمان) هێنایە ئاراوە.

نووسەر تیشکی خستەسەر جیاوازی قووڵی نێوان کولتوری عەرەب لەگەڵ کولتووری کوردی. هەر بۆیە باسی لە پێویستیی پێداهاتنەوە بە هێندێک لەو دەقانە کرد، کە بە ناوی ئایین بەڵام لەژێر کاریگەری کولتووری پیاوسالاری عەرەبی مافەکانی ژنانی پێشل کردووە.

نووسەر وێڕای ئەوەی کە هەوڵی خۆی بە هەوڵێکی کولتووری بۆ چارەسەریی پرسی ژن زانی، بەڵام هاوکات باسی لە زەروورەتی گۆڕانی هەمەلایەنە لە ڕوانینی کەسایەتییە ئایینیەکان، دەوڵەتەکان، یاسادانەران، سیستەمی پەروەردە، ڕووناکبیران و... کرد و هۆکاری سەرکەوتنی ڕێژەیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانی بە گۆڕانکاری لە دەقە پەروەردەییەکان و جێگیرکردنی ئەو مافانە لە یاساکان و بەتایبەت هەڵاواردنی ئەرێنی (تەبعیزی موسبەت) بۆ ژنان لە پێناو هاوسەنگکردنی گۆڕەپان و پێکهێنانی دەرفەتی یەکسانی ڕەگەزی لە هەموو بوارەکاندا بەستەوە.

لە کۆتایی باسەکەیدا، نووسەر ئاماژەیەکی کورتی بە ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای نووسین لەسەر وەها بابەتێک کرد و هەوڵی خۆی تەنیا بۆ پێکهێنانی کەشێک بۆ
هاوسەنگی لە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە فێمێنیزم لە قەڵەم دا.

دواتر ئامادەبووان کۆمەڵێک پرسیاریان ئاراستە کرد و نووسەر وڵامی دانەوە.
کۆڕەکە بە پەردەلادان و ڕوونوێنی لە کتێبەکە و واژۆکردنی لە لایەن نووسەرەوە کۆتایی پێ هات.