کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی \"قاسملوو، مانیفێستی سیمای مرۆڤانەی رێبەری\" چاپ و بڵاو کرایەوە + وتووێژ

16:54 - 27 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کتێبی قاسملوو، مانیفێستی سیمای مرۆڤانەی رێبەری لە نووسینی مەجید حەقی، نووسەر و چالاکی سیاسیی کوردی دانیشتووی وڵاتی فینلاند، لەلایەن چاپخانەی چوارچراوە چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی ، پەرتووکی قاسملوو، مانیفێستی سیمای مرۆڤانەی رێبەری لە نووسینی مەجید حەقی، نووسەر و چالاکی سیاسیی کورد بڵاوکرایەوە.

پەرتووکی قاسملوو، مانیفێستی سیمای مرۆڤانەی رێبەری لە دووتۆی کتێبێکی ١٣٠ لاپەڕەییدا بڵاو کراوەتەوە و ٢٥ وتاری نووسەر کە بەبۆنەی ٢٥ـەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بڵاو کرابوونەوە لەخۆدەگرێت.

لە پێشەکیی دانەری کتێبدا هاتووە کە لەم کتێبەدا گرینگترین خاڵگەلی پەیوەندیدار بە هونەری رێبەری و مێتۆدی رێبەریی دوکتور قاسملوو بە کەڵکوەرگرتن لە دوایین تیۆرییەکانی زانستی رێبەری باس کراون.

9586.jpg
مەجید حەقی، نووسەر و چالاکی سیاسیی کورد

مەجید حەقی، نووسەر و چالاکی سیاسیی کورد لە وەڵامی پرسیاری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە بارەی ئامانج و مەبەست لە نووسینی ئەم کتێبە، بەم شێوەیە دەدوێت: لە سەر کەسایەتیی دوکتور قاسملوو لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە زۆر وتراوە و نووسراوە. بەڵام زۆر کەمتر ئاوڕ لە رۆڵی قاسملوو لە گەشەکردنی رێبەری و شێوازی رێکخستن و بەرێوەبەری لە ناو بزاڤی کورددا دراوەتەوە. بۆ نیشاندانی ئەمەگناسی خۆم بە رێبازی قاسملوو و هەروەها بە مەبەستی رووناکی خستن لە سەر گرنگترین مژاری رۆژی بزاڤی نەتەوایەتی واتە پرسی رێبەری، بڕیارم دا ئەو کتێبە پێشکەشی بارەگای رێبوارانی دکتۆر قاسملوو بکەم.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەی وتووێژ لەگەڵ مەجید حەقی نووسەری پەرتووکی قاسملوو، مانیفێستی سیمای مرۆڤانەی رێبەری، پرسیارێکی لەبارەی رۆڵی دوکتور قاسملوو لە گەشەکردنی رێبەڕی و هۆکاری کەمترئاوڕدانەوە لە رۆڵی ئەو رێبەرە کوردە لە روانگەی نووسەرەوە ورووژاند و ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت: یەکێک لە پرسە گەورەکانی بزاڤی نەتەوایەتی پرسی رێبەری و پەروەردەی رێبەرە. بەداخەوە تاکوو ئێستاش لە ناو زۆربەی هێزە کوردییەکاندا لە سەر نەریتی کۆناباو و سیستەمی باوکسالاری رێبەری دەکرێت و سەرنج بەوە نادرێت کە رێبەری هەم زانستە، هەم شێوە ومێتۆدی کردار و کاریگەرترین بواری بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسی و رێکخراوەییەکانە.

حەقی لە درێژەدا وتی: لەو رووەوە ئەگەر سەرنج بدەنە بیست ساڵی رابردوو لە بواری رێبەری و بەرێوەبەریدا کەمترین ئاڵوگۆری مێتۆدیک لە سیستەمی بەرێوەبەری حیزبی و دیاری‌کردنی راهبۆردی حیزبەکانی کوردستانی دەبیندرێت. دکتۆر قاسملوو وەک رێبەرێک هەم ڤیزیۆن و ئاسۆی بۆ حیزب و خەڵکەکەی خوڵقاند، هەم هەوڵی دا رێبەری جەمعی لە ناو حیزبی دێموکرات دا بکاتە فەرهەنگ و لەلایەکی دیکەوە لە رێگای دامەزراندنی کۆمیسیۆنە جۆراوجۆرەکانی سەر بە دەفتەری سیاسی و دامەزراندنی زانکۆ لە ناو حیزبدا دەیهەویست شایستە سالاری و پەروەردەی رێبەری لە ناو حیزبدا نەهادینە بکات.

نووسەری پەرتووکی قاسملوو، مانیفێستی سیمای مرۆڤانەی رێبەری لە کۆتاییدا باس لەوە دەکات کە جیا لەوە قاسملوو لە هەموو ئەو ماوەیەی کە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بوو، ساڵ بەساڵ و کۆنگرە بەدوای کۆنگرەدا نوێگەرایی سیاسی و قووڵترکردنی فەرهەنگی دێموکراسی و دیسیپلینی رێکخراوەیی دەهێنایە ناو حیزبی دێموکرات. بۆیە حیزبی دێموکرات لە سەردەمی قاسملوودا بە واتای راستەقینەی وشە حیزبی پێشرەوی خەڵکی کوردستان و رێبەری بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە کوردستاندا بوو.