لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا و بە ئامادەبوونی بەشێک لە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات، کادر، پێشمەرگە و میوانان، پەردە لەسەر کتێبی "لافاوێک لە ئەسرین، زەریایەک لە ئەمەگداری" لا درا و خرایە بەر دیدی ئۆگرانی ژیان و خەباتی شەهید "لوقمان مێهفەر".
کتێبی "لافاوێک لە ئەسرین، زەریایەک لە ئەمەگداری" لە نووسین و کۆکردنەوەی "قادر مێهفەر" کوڕی شەهید "لوقمان مێهفەر" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەردەی لەسەر لادرا.
ئەو کتێبە کۆکراوەیەکە لەسەر ژیان و خەبات و تێکۆشانی زیاتر لە ٤٠ ساڵەی شەهید "لوقمان مێهفەر"، شەپۆلی بەرینی هاوخەمیی خەڵکی کوردستان و وەفادارانی ڕێبازی حیزبی دێموکراتە بەرانبەر بە بنەماڵەی مێهفەر بەنیسبەت شەهیدبوونی شەهید "لوقمان مێهفەر".
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
لە بڕگەی یەکەمی رێوڕەسمەکەدا "قادر مێهفەر" نووسەری کتێبی "لافاوێک لە ئەسرین، زەریایەک لە ئەمەگداری"، باسی لەسەر ئامانجی بنەماڵەی مێهفەر بۆ پێکهێنانی ئەو ڕێوڕەسمە و لە چاپدانی ئەو کتێبە کرد و وتی: "پەرتووکی لافاوێک لە ئەسرین، زەریایەک لە ئەمەگداری تایبەت بە کۆچی دوایی کاک لوقمان مێهفەرە و گۆشەیەک لەو شەپۆلە بەرینەی هاوخەمی و هاوسۆزییە کە هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی و کەسایەتییەکان و تەنانەت هێز و لایەنە سیاسییەکانی لەو بارەوە لەگەڵ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەر بە شێوەی نووسراو بەتایبەتی دەریان بڕیوە".
ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی: "ئەم پەرتووکە دوو مەبەستی سەرەکیی هەیە، یەکەمیان هەوڵێکە بۆ بە ئەرشیڤ کردن و پاراستنی ئەو نووسین و بابەت و پەیامانە کە هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری تەشکیلاتییەوە دەچنە خانەی بەڵگەنامەیی ڕێکخراوەوە واتا هەمان ڕێکخراوی کە کاک لوقمان خەباتی تێدا کردووە و هەم لە بواری ئەدەبیشەوە لێوانلێون لە هەستی حەماسی و ئیرادەی بەرزی شۆڕشگێڕی تێیاندا بەرچاوە کە خۆی لە خانەی ئەدەبی بەرگریدا دەبینێتەوە، دووهەمیان ڕێزگرتن و ئەمەگداری و وەفای ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەرە بۆ تێکڕای ئەو ئازیز و خۆشەویستە بەڕێزانەی کە بەدوای کۆچی دوایی کاک لوقمان هاوبەشیی خەمی ئەو کۆستە مەزنەیان لەگەڵ کردین و بە نموونەش ئەو نووسراوە و بابەتە بڵاوکراوانەمان هەڵبژارد کە پێمان گەیشتبوون یان لە ڕێگەی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو کرابوونەوە".
بڕگەی دووەمی ڕێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە وتەکانی "دوکتور "میرۆ عەلیار" جێگری ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی شەهید لوقمان کە باسێکی لەسەر پێگەی سیاسی، حەقێقی و حقووقیی شەهید لوقمان مێهفەر پێشکەش بە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرد.
ناوبراو وێڕای دەسخۆشی و پێزانین باسی لەوە کرد کە: "زۆر بەجێیە لە ڕۆژی ناساندنی کتێبەکەدا سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم کە کاک لوقمان ئۆگری فێربوون و خۆپێگەیاندن بوو، بەڕاستی ئەمن لەو ماوەیەدا لەماوەی ئەو سێ ساڵ و نیوەدا بە دەگمەن جارێک هەبوو بچمە ژووری کاک لوقمان مێهفەر کتێبێک، نووسراوەیەک، وتارێک بەدەستیەوە نەبینم و خەریکی خوێندنەوە نەبێت، بەردەوام خۆی بە فیربوون و خۆ پۆشتەکردن بە زانست و زانیاریی نوێوە خەریک دەکرد، کاک لوقمان دەمارگرژ و لەخۆبایی نەبوو، مرۆڤێکی کراوە بۆ وەرگرتن و وەخۆگرتنی بیری نوێ و زانیاریی نوێ بوو، هاوڕێمان توانای بیرکردنەوە و بەخۆداچوونەوە و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە خۆیدا هەبوو و ئەوە ڕەمزی سەرکەوتنی کاک لوقمان لە ژیان و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیدا بوو".
لە بەشی سێهەمی ڕێوڕەسمەکەدا شێعرێک بەناوی "شاهەڵۆی دوندی ڕاسان" لەلایەن "ئێحسان ڕەستگار" نووسەری شێعرەکەوە خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا لاواندنەوەیک بڵاو کرایەوە کە گوێگری دەبردە نێو دنیای پڕ لە ئەوین و وەفای ڕاستەقینەی نێوان شەهید لوقمان مێهفەر و خاتوو "خەجیج لاهیجانی"، هاوسەری شەهید.
لە بڕگەی دواتردا، کتێبی "لافاوێک لە ئەسرین، زەریایەک لە ئەمەگداری" لەلایەن دوکتور "میرۆ عەلیار" جێگری ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خاتوو "خەجیج لاهیجانی" هاوسەری شەهید "لوقمان مێهفەر" پەردەی لەسەر لا درا.
پاشان پەخشانێک لەژێر ناوی "مەڕۆ هەناسەی شۆڕش" لەلایەن پێشکەشکاریڕێوڕەسمەکەوە خوێندرایەوە و پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا بنەماڵەی مێهفەر کتێبی "لافاوێک لە ئەسرین، زەریایەک لە ئەمەگداریـ"ـیان، وەک دیاری و یادەوەرییەک پێشکەش بە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرد.