کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی "نیشتمانی تازەی شێعرم" چاپ و بڵاو کرایەوە

12:12 - 27 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: نوێترین بەرهەمی شاعیری کورد، "کەریم دافعی"، لە دووتۆی کتێبێکدا لەژێر ناوی کۆمەڵە شێعری "نیشتمانی تازەی شێعرم"، چاپ و بڵاو کرایەوە.

نوێترین بەرهەمی شاعیری کورد، "کەریم دافعی"، ناسراو بە "ک د. ئازاد"، کە لە ۱٤۸ کورتە شێعر پێک هاتووە، لە دووتۆی کتێبێکی ۱۵۰ لاپەڕەییدا بە ناوی کۆمەڵە شێعری "نیشتمانی تازەی شێعرم"، کە دوازدەهەمین بەرهەمی شێعریی ئەو شاعیرە کوردەیە، چاپ و بڵاو کرایەوە.

"کەریم دافعی"، شاعیرێکی نەتەوەییە کە زۆربەی شێعرەکانی کورتە شێعرن و واتایەکی تایبەتی نیشتمانییان هەیە، شێعرەکانی ئەو شاعیرە کوردە، بەردەنگ و ئۆگرێکی زۆریان هەیە و لەنێو ئەدیبان، هونەرمەندان، ئەدەبدۆستان و سەرجەم کۆمەڵگاشدا، جێگا و پێگەیەکی تایبەتیان هەیە.

کۆمەڵە شێعری "نیشتمانی تازەی شێعرم"، دوازدەهەمین کتێبی چاپکراوی ئەو شاعیرە کوردەیە و یازدە بەرهەمی تری بە ناوەکانی: "چبکەم تا تۆ قەت بەهارت لێ نەتۆرێ، چریکەکانی خامۆش، بالۆرەکانی غەریبی، برینەکان بە خوێ دەشۆم، چەپکێ خەونی ئەرخەوانی، کەشی شێعر بارانییە، شار لە تۆوە دەست پێ دەکات، پاییز گەیشتووەتە جێژوان،  وێستگەیەک بۆ خۆشەویستی و ویژگی‌های کوردان سوران، چاپ و بڵاو کراونەتەوە".

ئەو شاعیرە کوردە، زیاتر لە ٦٦ کتێبی دیکەی کە بەرهەمی چل ساڵ نووسین و ماندووبوونیەتی، ئامادەی چاپن کە بە هۆکارگەلێگی جۆراوجۆر له ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا تاکوو ئێستا بڵاو نەبوونەتەوە.

"کەریم دافعی"، ناسراو بە "ک. د. ئازاد"، لە ساڵی ۱۳۳۹ی هەتاویدا، لە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی لەو شارەدا دەست پێکردووە و خوێندنی قوناغەکانی ناوەندیی لە شاری بانە و دواناوەندیشی لە شاری میاندواو، درێژە پیداوە و دیپلۆمی لە شاری میاندواو وەرگرتووە، بڕوانامەی کارناسیی دەروونناسی و ڕاوێژکاریی لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە کە لێکۆڵینەوەی دەرچوون و وەرگرتنی بڕوانامەکەی لەسەر ناساندنی تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی کوردانی سۆرانی بووە.

ئەو شاعیرە کوردە، یەکەم شێعری لە ساڵی ۱۳٦٤ی هەتاوی، لە گۆڤاری سرووەدا بڵاو کراوەتەوە، هەروەها جیا لە شێعر، لە نووسیی چیرۆک و وتار و بابەتەکانی دەروونناسیشدا دەستێکی باڵای هەیە و لە ئێستادا زیاتر لە ۷۰۰ بەرهەمی لەو بوارانەدا، لە گۆڤار، ڕۆژنامە و کتێبە کوردی و فارسییەکاندا بڵاو کراونەتەوە.