کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی چیرۆکەشێعری "خرتێ" هۆنراوەی "فەرید سەفاری" پەردەی لەسەر لا درا

13:32 - 9 سەرماوەز 2721

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە هۆڵی کتێبخانەی ناوەندیی شاری سنە لە ڕێوڕەسمێکدا پەردە لەسەر کتێبی چیرۆکەشێعری "خرتێ" هۆنراوەی "فەرید سەفاری" ناسراو بە "فەرید ڕاژین" لا درا. لەو ڕێوڕەسمەدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە ئەدەبدۆستان و شاعیران و نووسەرانی خەڵکی سنە بەشدار بوون.

"فەرید سەفاری" لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە و ئەندامی ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە نۆروێژە و نزیک بە پازدە ساڵە لە بواری ئەدەبی منداڵانەوە کار و چالاکیی هەیە.

لە ماوی کاری ئەدەبیی خۆی، دوازدە چیرۆکەشێعر و نزیک بە ٦٠٠ کورتەشێعری منداڵانی نووسیوە کە لە ساڵی ١٣٩٩دا دوو چیرۆکەشێعری بە ناوی "کۆتری ئاشتی" و "کەوشدووری دلۆڤانـ"ـی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە.

لە ڕێوڕەسمەدا چەندین وتار لەلایەن نووسەران و شاعیرانەوە پێشکەش کرا و لە کۆتاییدا لەلایەن بەشێک لە مامۆستایانی بەشداربوو پەردە لەسەر چیرۆکەشێعری "خرتێ" لا بردرا و پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرا.