کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی ڕاستییەکانی عەفرین چاپ کرا

17:09 - 5 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کتێبی "ڕاستییەکانی عەفرین" بۆ یەکەم جار چاپ و بڵاو کراویەوە و لە پیشانگای قامیشلۆ پیشان دەدرێت.

لە کوردستانی ڕۆژئاوا، "خەلیل مووسا"، منداڵێكی تەمەن ١٤ ساڵ، خەڵكی عەفرین، كتێبێک لەژێر ناوی "ڕاستییەكانی عەفرین"، لەبارەی ئەو شارە دەنووسێت.

ئەو كتێبە كە باس لە سێ قۆناغی شەڕی عەفرین دەكات، لە یەكێک لە پێشانگاكانی كتێب لە قامیشلۆ دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران.

نووسەر لەو كتێبەدا قۆناغەكانی پێش شەڕ، كاتی شەڕ و دوای شەڕ كە توركیه عەفرینی داگیر كرد، باس دەکات.

"خەلیل مووسا"، تەمەن ١٤ ساڵ، نووسەری كتێبی ڕاستییەكانی عەفرین، بیركردنەوە و وتەكانی، لە تەمەنی خۆی گەورەترن.

ناوبراو لەبارەی ئەو کتێبە وتوویەتی: "لە كتێبەكەمدا باسم لە سروشتی عەفرینی پێش شەڕ كردووە كە تێیدا ئاماژەم بە دەوڵەمەندی و ژیان و مێژوویی عەفرین كردووە، ھەروەھا باسم لەوە كردووە کە لە كاتی شەڕدا چۆن ڕۆژانە منداڵانی شارەكە دەكوژران".

ئەو نووسەرە، بچووكترین نووسەری یەكیەتیی نووسەرانی عەفرین و بەشداربووی پێشانگای كتێبی قامیشلۆیە.

ئەو نووسەرە، چیرۆكە تراژیدییەكانی عەفرین و گەمارۆدانی لە لایەن توركیەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "٥٨ ڕۆژ بە فڕۆكە و ھەموو جۆرە چەكێک ھێرش كرایە سەر عەفرین، ھیچ وڵات و كەسێک لەسەر ئەو زوڵمە نەھاتە دەنگ".

"خەلیل"، پۆلی ٩ی بنەڕەتی دەخوێنێت و له تەمەنی ١١ ساڵیدا دەستی بە نووسینی شێعر و چیرۆک كردووە.